١٧ بانەمەر
خۆپیشاندانێک لە مەهاباد روودەدا و چەند حیزبێکی کوردستانی رۆژهەڵات، ناراستەخۆ و
لە رێگەی ئەندامانیەوە لە ڕایەلەی کۆمەڵایەتییەکان بابەتێک دێنە گۆرێ کە هێزی
چەکداریان ناردۆتەوە نێوخۆی رۆژهەڵات و ئەوە هێزە پارێزەری خۆپیشاندەران دەبێت و
تەنانەت لایەنیش هەیە کە شوی لێهەڵدەکێشێ و کوژرانی سەربازێکی کورد، (کە بەناچاری
چۆتە سەربازی) دەخاتە ئەستۆی خۆی بێئەوەی ئەو سەربازە هیچ پەیوەندی بە
ڕووداوەکانی مەهابادە هەبووبێت.
لێرەدا پرسیارێک دێتە گۆرێ
ئایا پێویستە بۆ پشتیوانی لە خۆپیشاندانی مەهاباد یان بۆ درێژەدان بە خۆپیشاندانی
مەهاباد و گشتگیر کردنی ئەو خۆپیشاندانە لە کوردستاندا لایەنێکی کوردی هێزی چەکداری بنێرێتەوە نێوخۆ؟
بۆ وڵامی ئەو پرسیارە دەبێ
هێندێ ورد بینەوە لە زمانی دەسەڵاتداران، لە رۆژی ١٣ی بانەمەرە واتە پێش و پاش
خۆپیشاندانی ١٧ی بانەمەر، دەسەڵاتداران یەکەم وڵامیان بۆ پرسیاری خەڵک زمانی
هەرەشەیە و باس لەوە دەکەن ئەگەر خەڵک واز لە پرسیارەکەیان نەهێنن ئەوان هێندێ
بەڵگە بڵاودەکەنەوە کە بنەمالەیەکی کوردی پێ "بێئابوور" دەبێت.
رۆژی خۆپیشاندان هیچ
هەوڵیک نادرێت بە زمانێکی نەرم خەڵکەکە هێور بکرێتەوە و وادەو بەلێنیان پێبدرێت
(هەرچەند وادەی درۆش بێت) و ئاراستە خۆپیشاندان دەگۆردرێت بۆ سەرکوت و هێرش و
دەستبەسەرکردنی خەڵک و پاش هێرشکردنە سەر خەڵک بەرپرسی جێگری پارێزگای ورمێ بە
پانەوە هەرەشەی ئەوە دەکا کە بەر بە گەشەی ئابووری مەهاباد دەگرێت.
ئەوە هەرەشەیە لە پەنا
هێزێکی چەکداری دانێن کە هێزێکی پۆشتەوپەرداخ نییە و تەنیا چەکێک، کە بە دەست هەڵدەگیرێ بەدەستێویەتی پاش
ئەو "سەنگوسووکە" دوو پرسیار دێتە گۆرێ:
١: ئەو هێزە دەتوانێ هیزێکی کارامە بێت و
تەرازووی ئەو کەلەوەکێشییە بەقازانجی کورد بشکێنێتەوە؟
٢: ئایا هێنانە گۆری باسی
هێزی چەکداری لە کاتێدا کە خۆپیشاندانێک بە بێی هیچ ئامانجێکی تایبەت بەرێوە چووە
پاساوێکی باش نابێ بۆ سەرکووتەکانی پاش خۆپیشاندانەکە کە زۆر لە سەرکوتەکانی رۆژی
خۆپیشاندانەکە بەرینتر و چرتر بوو؟
کوردەکان بنەمای خەباتیان
دابینکردنی "مافی نەتەوەی" و "دێموکراسی"
یە و ئەوەش لە یەکەم لێکدانەوە یانی بنەمای خەباتی کوردەکان رووخانی کۆماری
ئیسلامیی ئێران نییە هەرچەند ئێستا زۆربەی چاوەدێرانی سیاسی پێیان وایە بۆ گەیشتن
بەو ئامانجە دەبێ کۆماری ئیسلامی نەمێنێت بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە کە ئێستراتژی
سەرەکی خەباتی کورد رووخانی کۆماری
ئیسلامی نییە لە هەمان کاتدا ئێستراتژی
خەباتی کوردەکان لە چوارچێوەی "قانون اساسی" کۆماری ئیسلامییش جێی
نابێتەوە و لەگەڵ ئەوانە دۆخی سیاسەتی نێوخۆی ئێران وای کردووە کە چالاکی سیاسی و
مەدەنی تاکەکەسیش هەم بەئامانج ناگات و
هەمیش هێندە نرخێکی قورسی بە داوەیە زۆر کەس خۆی لێنادات.
ئەگەر ئەو ڕاستییانە
قەبوول بکەین هیچ گونجاو نییە کە باسی
خەبات چەکداری بێنینە گۆرێ چوون ئەگەر پاساو بۆ سەرکوتی خەلکیش نەهێنێتەوە بەر بە
دوو شت دەگرێت:
١: گشتگیر بوونی و جەماوەری بوونی خەبات
٢: سازکردنی ترس لە دەروونی تاکی کورد بەو
ئاراستەی کە ئەزموونەکانی ئەو چەند ساڵەی ناوچەی رۆژهەڵاتینێوەراست لە کوردستانی
رۆژهەڵاتیش دووپات بێتەوە؛ چوون بە دلنییاییەوە هەموو تاکێکی کورد گوێبیستی ئەوە
بوون کە ئەوە کوشتووبرەی لە رۆژهەڵاتی نێوەراستدا ڕوودا دەستی کۆماری ئیسلامی
تێدایە
واتە لێرەدا ئەگەر کورد
تاکتیکی درێژەدان بە خۆپیشاندانەکانی رۆژهەڵات بێت، لەو قۆناغەدا بە هیچ شێوەیەک
بە قازانجی کورد نییە کە هێزی چەکداری بێنیتە نێو گۆرپانەکەوە چوون لەگەڵ ئەوەی
کە هیزە چەکدارییەکە هێزێک نییە کە بتوانێ
مل بە هێزی چەکداری ئێران دابخات و بە
دلنیاییەوە بوونی ئەو هێزە دەبێتە بیانوویەکی باش بۆ توندوتیژی زیاتر و ئەوەش بەر بە جەماوەری بوونی
خۆپیشاندانەکان دەگرێت بە پێجەوانە ئەوەی لێرەدا دەبێ کوردەکان کاری بۆ بکەن
"هێزی چەپلەیە" نەک "هێزی چەک"
کوردەکان دەبێت شەقام
بجولێنن بەڵام ئاراستەی بەرو توندوتیژی نەبن چوون لە کاتێکدا کە هیزی چەکداری بێتە
گۆرێ تەرازووی خۆپیشاندان بۆ لای کۆماری ئیسلامی لاسەنگ دەبێت و بەلای ئەو
دادەشکێتەوە.