۱۳۹۴ مرداد ۶, سه‌شنبه

هەرەشەی رووحانی و هەواڵنێری باشوور

بەیانیی رۆژی یەکشەممە ٢٦ی٧ی٢٠١٥، "حەسەن رووحانی"، سەرۆککۆماری ئێران، بەسەردانێک گەیشتە سنە و هەواڵدەرییەکانی کوردستانی باشوور رستەیەکیان لە سەرۆککۆماری ئێران بڵاوکردەوە کە لەودا باسی پاراستنی هەولێر و بەغدا کرابوو. ئەو هەوالنێریانە ئەو بابەتەیان وەکوو هەوالێک سەیر کرد بەڵام  بابەتەکە رەستەیەک نەبوو بەڵکوو پاراگرافێک بوو کە  ئەگەر بکرێتە کوردی دەبێتە ئەوە:
"ئێوە ئەورۆکە بەچاوی خۆتان دەیبینن کە بە پشتگیریی ئێوە و بە لەخۆبردوویی  و پێداگریی ئێوە و پشت بەخودا ئێران ئەمنترین و سەقامگیرترین وڵاتی ناوچەکەیە؛ ئێوە دەیبینن نەتەوەی ئێران نەتەنیا کوردستان دەپارێزێ بەڵکوو بەغدا و هەولێریشی پاراستووە، ئەگەر حکوومەتی ئێران و ئەگەر دەوڵەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئەگەر قارەمانەکانی ئێران نەبوانایە، ئەمرۆ هەولێر و بەغدا بە دەست تێرۆریستەکانەوە دەبوو. ئێمە هەر بەو شێوەی کە سنە دەپارێزین،  دهۆک، هەوڵیر و سلێمانیش دەپارێزین"[1]
هەواڵنێرییەکان رۆژی ٢٦ی٧ بەو شێوەیە ئەو پاراگرافە لە گوتارەکەی رووحانیان بڵاویان کردەوە:


ماڵپەری وشە: 
"حەسەن روحانی سەرۆک کۆماری ئێران ئەمڕۆ لە یاریگای وەرزشی سنە وتارێکی پێشکەش کرد و باسی لەوە کرد کە هەروەک چۆن سنە دەپارێزن هەر بەو شێوەیەش هەولێر و سلێمانی و دهۆک دەپارێزن.
ئەو گوتی ئەگەر ئێران نەبوایە ئەوا هەولێر و بەغدا کەوتبوونە دەستی تیرۆریستانی داعش بەڵام بە هەوڵی ئێران رێگە لەو هەوڵەی تیرۆریستان گیرا".
ماڵپەری ڕووداو :
سەرۆککۆماری ئێران بە ئاماژەدان بەوەی ئەگەر ئێران نەبوایە بەغدا و هەولێر دەکەوتە دەست تیرۆریستان گوتی: "چۆن ئاسایشی کوردستانی ئێران بۆ ئێمە گرینگە بەهەمانشێوە ئاسایشی هەولێر بۆ ئێمە گرینگە".
حەسەن روحانی گوتی:" گەلی ئێران هەمووکات پشتیوانی گەلانی ستەملێکراون و هەروەک چۆن پارێزگاری لە سنە دەکەین بەهامنشێوەیش پارێزگاری لە سلێمانی و دهۆک و هەولێریش دەکەین".
ماڵپەری باس‌نیوز:
"بەپیی راپۆرتی هەواڵدەریی تەسنیمی نزیک لە سوپای پاسداران، رۆحانی لە بەشێك لە گوتەكانیدا گوتی: “ئەگەر دەوڵەتی ئێران و كۆماری ئیسلامی نەبوایە، ئەگەر بەرگریكارانی زێدی دلێرانی ئێران نەبوایەن، هەولێر و بەغدا بەدەست تیرۆریستەكان دەڕووخان، بەڵام ئێران كە پشتیوانی هەموو نەتەوە زوڵم لێكراوەكان پێشی ئەو كارەی گرت.”
لە درێژەدا گوتیشی: “ئێمە هەروەك بەرگری لە سنەش دەكەین، بەرگری لە دهۆك و هەولێر و سلێمانیش دەكەین و لە هەموو ناوچەكە و هەر شوێنێك كە بیانەوێ‌ دەستدرێژیی بكەنە سەر، ئێران لەو زوڵم لێكراوە بەرگری دەكات."
ماڵپەری ئێن‌ئار‌تی:
"سەرۆک کۆمارى ئێران لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا لە شارى سنە وتى "هەر بەو شێوەیەى کە بەرگرى لە سنە دەکەین بەرگریش لە دهۆک، هەولێر و سلێمانى دەکەین و عێراق و ناوچەکەش لە تیرۆریستیان پاک دەکەینەوە".
پێنج هەواڵنێری پڕ بینەری باشووری کوردستانم هەڵبژارد، بەڵام هەوالنێری خەندان لە هەوالێکیدا باسی هاتنی رووحانیی لە رۆژی ٢٦ی ٧ی٢٠١٥ کردووە بێ ئەوەی باسی گوتارەکەی کردبێت بۆیە هەر ئەو ٤ هەوالنێرییەم بە  نمونە هێناوەتەوە.
لە هەوالنێرییە کوردییەکاندا بابەتی پاراستنی هەولێر و بەغدا لەلایان ئێرانەوە وەکوو هەوالێکی پشتڕاست کراوە لەلایان ئێرانەوە سەیر کراوە و زەق کراوەتەوە، ئەوە لە کاتێدایە  وەکوو دەبینن لە دەقی گوتارەکەی رووحانییدا پاراستنی هەوڵیر و بەغدا وەکوو بەڵگەیەک بۆ پاراستنی سنە هاتۆتەوە، کە واتە رووحانی بە هێنانە گۆرێی بابەتی پاراستنی هەولێر و بەغدا نایەوێت جارێکیتر پێداگری لەسەر هەواڵێک بکات کە پێشتر لە لایان بەرپرسانی باڵای بەغدا و هەولێر پشتڕاست کراوەتەوە، رووحانی ئەو جارە بە پێچەوانەی ئەوەی کە هەوالنێرییە کوردییەکان بڵاویان کردەوە بۆ پاراستنی هەولێر لە دەستی داعش منەتی لەسەر کورد نەکرد ، بەڵکوو هەرەشەی لە کورد کرد ئەو بەپانەوە دەلێت، کاتێ دەتوانین بیپارێزین بە دڵنیایشەوە دەتوانین تێکدەین؛ کە وایە ئێوە دەبێ بێنە بەرەی ئێمە و بە گوێی  ئێمە بکەن؛ رەنگە هێندێ لایەن یەکەم و تەنیا هۆکاری هەرەشەی رووحانی لە هەرێمی کوردستان بگەرێندرێتەوە سەر ئەوەی کە دوو هیزی پێشمەرگەی کوردستانی رۆژهەڵات لە سەر سنووری رۆژهەڵات بە دیوی باشوور دان، بەڵام هۆکاری هەرەشەکە تەنیا ئەوە نییە؛ بەڵکوو هۆکاری سەرەکیی هەرەشەکە دەگەرێتەوە سەر هاتنەگۆری بابەتی "دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی" و  "سەربەخۆییی ئابووریی هەرێمی کوردستان" و "سەربەخۆییی سیاسیی کوردستان"، چونکە کۆماری ئیسلامی لە عێراقدا دەیەوێت دەسەڵاتێکی ناوەندیی پردەسەلاتی سەربەخۆیی دامەزرێنێت؛ بۆ دامەزرانی ئەو دەسەڵاتەش هەڵسووکەوتی کورد لە کوردستانی باشوور لە ئێستادا و "سیاسەتی سەربەخۆی ئابووری" و "دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی" بە کۆسپ لەبەر دەمی  خەونەکانی خۆی لە عێراق و ناوچەکەدا دەزانێ و ئەوەش وای لێ دەکات کە سەرۆککۆماری کۆماری ئیسلامی  بە پانەوە هەرەشە لە هەرێمی کوردستان بکات.
لە کۆتاییدا دەبێ بلێین هەوالنێرییەکانی باشوور ئەوەشیان لە بیر نەبوو کە هەرەشەکەی رووحانی لە کوردستانی باشوور رێک لە رۆژێکدا کرا کە ١٩ ساڵ بەر لەو رۆژە، کۆماری ئیسلامی ٢٠٠٠ پاسدار و جاشی لە قوڵاییی ٤٠ کیلومیتری خاکی هەرێمی کوردستان هێنا سەر دەفتەری سیاسیی حدکا و لەو رێگایەوە و بەو کارە توانی هەتا ئێستا خەباتی چەکداری لە رۆژهەڵاتی کوردستان توشی نسکۆ بکات.





[1] دەقی گوتارەکەی حەسەن رووحانی کە لە یاریگەی "ئیستقلا"ی سنە دای لە ماڵپەری "پایگاە اطلاع رسانی ریاست جمهوری ایران" وەرگیراوە


هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر