هەموو نەتەوەکانی سەر ئەو
زەوەییە ناناسم, بەڵام دڵنیام کورد یەکێ لەو نەتەوانەیە کە
ڕووداوێکی بەسەر دێت، یان کارەساتێکی لێدەقەومی، زۆر بە شلی وەردەگرێت و بە قەراغی
دا تێدەپەرێت یان وەک پەندە کوردییەکە دەڵێت :"پشتی تێدەکات".
ڕۆژی چوارشەم، 28ی ڕەزبەری 1394
لە یاریگەی "غەدیر"، کۆمەڵێک ئازەری، بێرێزییان بە چەند کەسێک کرد کە بە
جلی کوردییەوە هاتبوونە نێو یاریگەکە، ئەو بێریزییە لە ڕایەڵە کۆمەڵایەتییەکاندا
کاردانەوەی زۆری لێکەوتووە و لە دەرەوەی لێکدانەوە تاکە کەسییەکان، ئەوەی ڕوونە ٣٠٠
کەس لە ژێر "چالاکانی کورد و ئازەری" نامەیەکی سەرئاواڵەیان روو بە
بەرپرسانی پارێزگەی ورمێ نووسی و داوای پێکەوەژیان و پێکەوەهەڵکردنیان کرد، پرسیاری
سەرەکی ئەوەیە، بێرێزی کردن بە کورد لە ورمێ کردەیەکی کاتی و ساویلکانەیە یان
توندوتیژییەکی گەڵاڵەکراوە بە مەبەستی سڕینەوەی نەتەوەیی؟.
بۆ وڵامی ئەو پرسیارە با هەندێ
بگەڕێنەوە و چەند ڵاپەڕەیەکی مێژوو هەڵدەینەوە، لە مێژووی رۆژهەڵاتی کوردستان،
باکووری رۆژهەڵات زیاترین فشاری ڕاگواستنی زۆرەملی کوردی لەسەر بووە، ئەو ناوچەیە پتر لە ٥٠٠
ساڵە شەڕگەی چەندین شەڕی ناوچەیی و جیهانی بووە و نوێنگەی چەندین شۆڕشی کوردستانیش
بووە و لەگەڵ هەر شەڕ و شۆڕشێک دیموگرافی ئەو ناوچەیە تووشی ئالسکان هاتووە، بە
پێی هەندێ ئامار، ئەو ناوچەیە لە دەیەی ٦٠دا ژینۆساید کراوە، هەرچەند بەداخەوە ئەو
ژینۆسایدە تەنانەت لە ڕاگەیاندنەکانیش کەمتر ئاوڕی لێ دڕاوەتەوە،
ئەو 5 گوندەی لە ناوچەی سۆما
و ئەنزەل ژینۆساید کراون بریتن لە:
رێکەوتی ژینۆساید
|
شوێن
|
ژمارەی شەهیدەکان
|
3/1/1362
|
گێچە_ ناوچەی سۆما
|
13 کەس
|
3/1/1362
|
هەڵەقۆشک_ ناوچەی سۆما
|
3 کەس
|
7/1/1362
|
پیرانجوغ_ ناوچەی سۆما
|
18 کەس
|
7/1/1362
|
کانیڕەش_ ناوچەی سۆما
|
9 کەس
|
19/1/1362
|
کوورەی سەروو_ ناوچەی ئەنزەل
|
11 کەس
|
لەگەڵ ئەو ڕووداوانە
بەردەوام لە پێش شۆڕشی نەتەوەکانی ئێران و پاش ئەو شۆڕشەش هەڵاواردنێکی سیاسی،
ئابووری و کلتووری هەبووە کە سیمای
کوردستانی لە باکووری پارێزگای ورمێ بسڕێتەوە.
ساڵی پار دیتمان زمانی کوردی
وەکوو زمانێکی بێگانە لەنێو شاری ورمێ پێناسەی بۆ کراو و ناوە کوردییەکانی نێو شارەکەیان
بە زۆری دەسەڵات رەش دەکردەوە.
بۆ هەموو ئەو بابەتە دەکرێت
لێکدانەوەی زۆر سادە و ساکارمان هەبێت و بڵێن ئازەرییەکان بوونە مەقاشی دەستی
ڕەگەزپەرستانی فارس و شەڕی کوردیان پێدەکرێت، ئەو لێکدانەوەیە هەم ڕاستە و هەمیش
کورت و ناتەواو، ئازەرییەکان لەگەڵ ئەوەی لە ئێستادا سیمای بزوتنەوەی نەتەوەیان تەنیا لە چوارچێوەی لایەنگری لە چەند تیپی وەرزشی بەدی
دەکرێت، بەڵام ئەوان خۆیان، خولیای تایبەتیان هەیە و تەنیا مقاشی دەستی
رەگەزپەرستانی فارس نین، کە وایە لێرەدا
کورد تەنیا لەگەڵ گروپێکی پیاوکارەی حکوومەت بەرەوڕوو نییە بەڵکوو لەگەڵ خولیای
نەتەوەیەک بەرەڕوویە کە نەک هەر داوای مافی خاوەندارێتی خاکی کوردستان دەکات،
بەڵکوو هەمان خولیای نەتەوەی فارسە کە
دەرهەق بە کوردستانی رۆژهەڵات هەیە.
کە وایە ئەو نەتەوەیە هاوپەیمانێتی لەگەڵ نەتەوەی فارس بە دەرفەتێک بۆ گەیشتن بە
ئامانجەکانی دادەنێت.
ئەگەر بمانەوێت ڕوونتر باسی
بکەین، پەیوەندی نێوان ڕەگەز پەرستانی فارس و ئازەری پەیوندی نێوان پیاوکارە و کوێخا
نییە، بەڵکوو پەیوەندی نێوان دوو نەتەوەیە بۆ خولیایەکی هاوبەش. و خولیای هاوبەش لێرەدا لاواز کردنی خولیای
بەرانبەریان کە خولیانی نەتەوەی کوردە ، ئەو خولیایەش بریتییە لە "گەیشتن بە مافی دەسەڵاتدارێتی لە خاکی خۆیدا".
ئەو هاوپەیمانیی نێوان فارس
و ئازەرییەکان لەسەر بناغەی بەرژەوەندی هاوبەش دامەزراوە، نەک لەسەر بناغەی
ئامانجی هاوبەش، بۆیە دەکرێت لە هێندێ شوێن یەک بگرێتەوە و لە زۆر شوێن دژ بەیەک
ڕاوەستێ کە وایە ئەوەی دەبینین لە یاریگەیەک بێرێزی بە جلی کوردی دەکرێت و لە
یاریگەکەیتر دروشم لە دژی فارسان دەدرێت ئەوە دوو کردەی دژ بەیەک نییە بەڵکوو دوو
کردەی جیاوازە بۆ یەک ئامانج.
جیاواز بوونی ئامانجی فارس و ئازەری کاتێک بایەخ
پەیدا دەکات کە کورد بیەوێت بە پێی ئامانجەکانی دۆست و دوژمنەکانی لێکهەڵاوێرێ.
ئەو کات کورد نابێت بە یەک چاو سەیری
ئازەری و فارسەکان بکات. و لای وابێت ئازەری هاوپەیمانی هەتا هەتای فارسە
لە ئێراندا و دوژمنی قەستەسەری هەمیشەی کوردیشە، یان پێچەوانەکەی.
ناڕوونی ستراتژی گوتاری
نەتەوەی کورد، دەرهەق بە ئازەرییەکان وای کردووە کۆمەڵگای کوردستان بە پێوەری خۆی
لەگەڵ ئازەرییەکان بجولێتەوە و ئەو ناوچانەی کە ڕاستەخۆ پەیوەندییان لەگەڵ ئازەریی
هەیە، ناسیونالیزمی ئازەری وەکوو مەترسیی بۆ سەر نەتەوەی کورد دەستنیشان دەکەن و
ئەو ناوچانەی کە لێیان دوورن بەرچاوڕوونییەکیان دەرهەق بەو بابەتە نییە.
ئەگەر تێپەڕ نەبووبێت، کاتی ئەوە هاتووە کە
گوتاری نەتەوەیی کورد لە کوردستانی رۆژهەڵات بە ڕوونی ڕوانگەی خۆی لەسەر ناسیونالیزمی ئازەری لە کۆمەڵگای
کوردستاندا بڵاوبکاتەوە ڕوونکردنەوەی ڕوانگەی گوتاری کوردی لەسەر ناسیونالیزمی
ئازەر نە تەنیا دانانی بەردی بناغەی دیالۆگە لەگەڵ ئەو نەتەوەیە، بەڵکوو تاکە
ڕیگایە کە کورد دەتوانێت لە لایەن خۆیەوە دڵنیا بێت کە کورد دەستپێشخەری شەری
نێوان کورد و ئازەری نابێت.
سازان بە دوو لایەن دەکرێت بەڵام، تێکدان و
لێکترازان بە لایەنێکش دەکرێت بەڵام لەگەڵ ئەوەش گوتاری نەتەوەی کورد دەبێت ماڵی خۆی دەرهەق بەو
پرسە یەکریز و یەک ئاراستە بکات.
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر