۱۳۹۴ مهر ۱۰, جمعه

کۆڵبەر "قوربانی یان تاوانبار"



وشەی کۆڵبەر یەکێ لەو دەگمن وشانەیە کە لە زمانی کوردییەوە چۆتە نێو راگەیاندنی غەیری‌کورد و ئەو وشەیە  ناوێکە  بۆ کەسانێک کە بە کۆڵ یان سواری هێستر و چوارپێتر شتوومەک لە نێوان سنووری دوو وڵاتدا ئاڵوگۆر  دەکەن
وشەی "کۆڵبەر" لە زمانی کوردییدا هەتا ڕادەیەک دەرخەری دۆخی  ئاستەمی ژیان کۆڵبەرەکان لە رووی جەستەیەوە بەڵام دەرخەری هۆکاری ئابووری و کۆمەڵایەتی  کۆڵبەری نییە.


 کۆڵبەری جۆرێک کار نییە کە لەوەدا کەس یان کەسانێک هێزی کاری خۆیان بەلایەنێک بفرۆشن بەڵکوو کۆڵبەری  دیاردەیەکی ئابوورییە کە  لە دۆخێکی ئابووری تایبەدا سەرهەڵدەدات   لەو دیاردە تایبەتەدا مرۆڤەکان لە ژێر زەختی ئابووری بۆ بەخێوکردنی خۆیان و پەیداکردنی بژیوی ژیان  گرەوە لەسەر ژیانیان دەکەن.
بۆ گرینگە کۆڵبەری کار بێت یان دیاردەیەکی ئابووری بێت؟
هیچ نامەوێت سۆزنامەیەک بنوسم کۆڵبەری ئێستا تەنگژەیەکە لە کوردستاندا رۆژانە دەبینین کەسانێک دەکوژرێن و بەردەوام وەکوو تاوانبار لەلایان حکوومەت و تەنانەت بەشێک لە کۆمەڵگا سەیریان دەکرێت تەنیا دەمەوێت بۆ ئەوەی قوربانی و تاوانبار لێکبکرێتەوە هۆکاری دیاردەی کۆڵبەری ڕوون بکەمەوە
کەسێکی کۆڵبەر کە زۆربەیان ڵاون دەبێت، سنووری وڵاتێک بە شێوەی نایاسایی ببرێت و باریکی ٥٠هەتا٦٠ کیلۆیی لەو دیوی ئەو سنوورە لە کۆلنێت یان بیخاتە سەر هێسترێک و بۆ ماوەی ٢ هەتا ٦ کاتژمێر رێگایەکی پڕ هەڵدێر و سەروژوو و سەروخوار بپێوێ ، لەوبەری سنوور لە بری ئەو کار واتە هەڵگرتنی بارێک برێکی دیاری کراو پووڵ وەکوو مزد وەردەگرێت، هەتا ئێرە ئەگەر بەو شێوەیە تەواو بێت ئەوە کۆڵبەری دەبێتە کارێک و ئەو کارە دەکرێت بە پێی قانون رێکبخرێت و یان دەکرێت وەکوو پیشەیەکی قانونی یان ناقانونی بریاری لەسەر بدرێت دیارە حکوومەت دەتوانێ بریار لەسەر قانونی بوونی یان ناقانونی بوونی بدات؛ کاتێک پیشەیەک لەلایان حكوومەتەوە وەکوو پیشەی ناقانونی دیاری دەکرێت بێگومان مەترسی تایبەتیشی دەبێت و کردنیشی سزای بەدواوەیە بە پێی مەترسی بوونی پیشەکە بۆ سەر ئابووری و ژیانی خەڵک و لە ئێران بە پێی مەترسی بوونی کارێک بۆ سەر حکوومەت و دەسەڵاتداری سزای کردەوەیەک یا کارێکی ناقانونی دیاری دەکرێت.
بەڵام کێشەکە لێرەدا دەست پێدەکات چون لە ڕاستییدا کۆڵبەری کارێک نییە، بەڵکوو کۆڵبەری دیاردەیەکی ئابوورییە کە لە دەرنجامی سیاسەتی ئابووری و ئەمنی حکوومەت و هەر وەها جوگرافیای ژینگە سەر هەڵدەات و ئەو دیاردە ئابوورییە کاتێک کە لەبواری کاتەوە زۆر بخاتەنێت دەبێتە شێوەیەک لە ژیانی نێو کۆمەڵگا
کەسی کۆڵبەر کەسێکی ناشارەزا و دەستەوستان یان کەسێکی سەربزوێن و قانونبەزێن نییە؛ بەڵکوو نەبوونی دەرەتانی ئابووری بۆ پەیدا کردنی بژیوی ژیان وا دەکات کەسانێک کۆڵبەری بکەن واتە قەیرانی ئابووری و تەنگژەی کار،  وا دەکات کەسێک ناچار بێت بۆ پەیداکردنی بژیوی ژیانی دەست بکات بە کۆڵبەری کردن
کۆڵبەری کردن تەنیا بە ئیرادەی کۆڵبەرەوە گرێندراوە بە پێچەوانەی کارە ناقانونییەکان کە ئیرادەی بکەرەکەیان بریاری کۆتایی بۆ ئەنجامدانی کردەوەکە دیاری دەکات، بەڵکوو زەختی ئابووری کە لە دەرئەنجامی سیاسەی ئابووری و ئەمنی حکوومەت سەری‌هەڵداوە و شوێنی ژیان و دۆخی ژیانی کەسێک وا دەکات کەس یان کەسانێک کۆڵبەری بکەن، کە وایە کۆڵبەری تەنیا جۆرێک کار نییە بەڵکوو دیاردەیەکی ئابوورییە کە لە دەرنجامی جوغرافیای ژیان، ئیرادەی حکوومەت و سیاسەتی ئەمنی، ئابووری  لە کۆمەڵگادا سەرهەڵدەدات.
 زەختی ئابووری  و دۆخی ژیان  دوانەیەکن کە کەسانێک ناچار دەکەن کە ژیانی کۆڵبەری بۆ پەیداکردنی بژیو هەڵبژێرن.
 ئەوەش وا دەکات ئێمە کاتێ کە باسی کۆڵبەری دەکەین وەکوو کارێک  سەیری نەکەین بەڵکوو وەکوو دیاردەیەکی ئابووری  باسی لێبکەین.
 کۆڵبەری دیاردەیەکی ئابووری_ سیاسییە کە لە دەرئەنجامی سیاسەتی ئابووری و ئەمنی حکوومەت لە کوردستاندا سەرهەڵدەدات. نەک کارێکی ناقانونی کە لە دەرنجامی سەربزوێنی یان قانونبەزێنی کەسانێک رووبدات.
 ئەو خوێندنەوەیە لە ڕووەوە گرینگە کە دواتر کە دێن خەسارەناسی دیاردەی کۆڵبەری بکەین دەبێ جێگای قوربانی و تاوانبار دیاری بکرێت لە خوێندنەوەی گشتیی حکوومەتدا  کۆڵبەری وەکوو کارێک  سەیر دەکرێت و هەر ئەوەش وا دەکات کە پێناسە بۆ کۆڵبەر ئەوە بێت،  "کۆڵبەر کەسانێکن کە قانون دەخەنە ژێرپێ و سنوور نێودەوڵەتی دوو وڵات دەبرن و شتومەکی گومرک نەکراو  دێنە نێو وڵاتێکەوە ئەوەش نەتەنیا مەترسییە بۆ سەر ئابووری ئەو وڵاتە نییە بەڵکوو دەتوانێ مەترسی بۆ سەر لەش‌ساغی ئەو وڵاتەش هەبێت"؛ حکوومەت دەلێ: "کۆڵبەر کەسانێکن کە قانون دەشکێنن و مەترسی دەخەنە سەر ژیانی کۆمەڵگا و تەنگژەی ئابووری دەنێنەوە"، لەبەرانبەردا حکوومەت وەکوو پارێزەری ژیان و ئابووری کۆمەڵگا لەگەڵیان بەرەوروو دەبێتەوە و زۆر ئاساییە کە کاتی بەرەورووبونەوە لەگەڵ ئەو تاوانبارانە بەرێوەبەرانی بریاری حکوومەت هەڵە بکەن یان بۆ پاراستنی گیانی خۆیان تەقە لەو کەسانە بکەن و گوللـەش کەس ناناسێت و کەسانێک بەر دەکەن دیارە هۆکاری ئەو ڕووداوەش قانون شکاندنە و ئەو قانونشکاندنە   وای لێکردوون کە شیاوی ئەوە بن سەربازانی حکوومەت گوللـەیان پیوەنێ و هەر ئەوەش وا دەکات بێبەری ببن لە هەر چەشنە مافێک؛ حکوومەت بەو خوێندنەوەیە دەیان ساڵە لە بابەتی کۆڵبەردا  جێگۆرکەی بە قوربانی و تاوانبار کردووە و لە دادگاکاندا کاتی کوژرانی کۆڵبەریش   خۆی لە ژێرباری دانی هەر چەشنە ماف رزگار دەکات و بکوژەکە وەکوو بەرێوەبەرێکی بریاری حکوومەت رزگار دەکرێت و دەپارێزرێت.
 بەڵام کۆڵبەری شێوە ژیانێکە یان لانیکەمی دیاردەیەکی ئابوورییە کە لە دەرنجامی سیاسەتەکانی حکوومەت لە کوردستاندا سەری هەڵداوە و قوربانییەکانی ئەو سیاسەتە بە رێگای برینی سنوور لە هەوڵدان ژیانی خۆیان لە ژێر زەختی سیاسەتی ئابووری و ئەمنی حكوومەت رزگار بکەن و ئاواتەکانیان لە ژیان بێنە دی
 کۆڵبەرەکان کۆمەڵێک قوربانی سیاسەتی ئابووری حكوومەتن نەک کۆمەڵێک تاوانبار کە ئالۆزی ئابووری بۆ حکوومەت دەنێنەوە.


هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر