۱۳۹۴ خرداد ۲۹, جمعه

سپای قودس لە نێوان واقع و وەهمدا بەشی ١و٢


پاش ڕووخانی دەسەڵاتی بەعس لە عێراق و لە گەرمەی شەری نێوان شیعە و سوننە لەو وڵاتەدا ناوی سپای قودس و سەرکردەکەی هاتە سەر زمانی خەڵک و هاوشان لەگەڵ تێرۆریستانی وەکوو بن لادەن ، زەرقاوی ، زەواهێری و ...
بەڵام سپای قودس چییە؟ قاسم سولیمانی کێیە؟


١:
بۆ جوابی ئەو پرسیارە  دەبێت بگەرێینەوە ڕووداوەکانی سەردەمی شۆرشی نەتەوەکانی ئێران و چونێتیی دامەزاندنی سپای پاسداران لە ئێران:
 لە سەرەتای دامەزراندنی سپای پاسداران بەشێک بە نێوی "یەکەی بزوتنەوەی رزگارکەری سپا" دامەزرا ئەو یەکەیە لە ژێر چاوەدێری محەمەد مونتەزری دا بوو.
محەمەدی مونتەزری ناسراو بە "ممد رینگو" کوری حوسێن عەلی مونتەزری بوو. ئەو نزیکەی ١٠ ساڵ لە نێو رێکخراوە ئیسلامییەکان لە وڵاتانی ئیسلامیدا ژیا بوو. مونتەزری باوەری بە ئینترناسیونالیزمی ئیسلامی هەبوو و بە پێی ئەو باوەرەش ئەو یەکەیەی دامەزراندبوو. ئەرکی سەرەکیی یەکەی "بزووتنەوەی رزگارکەری سپا "، پشتگیری لە بزاڤ و رێکخراوە ئیسلامییەکان بوو. مونتەزری هاوکات لەگەڵ ئەوە گۆڤارێکی بە زمانی عەرەبی بە نێوی "الشهید" دەردەکرد ئەو گۆڤارە لە راستیدا وەکوو زمانحاڵی "یەکەی بزوتنەوەی رزگارکەری سپا" وابوو
مونتەزری لە ٧ی پوشپەری ١٣٦٠ لە تەقینەوەی نوسینگەی حیزبی کۆماری ئیسلامیدا کوژرا.
 پاشان  میهدی هاشمی کە کەسێکی نزیک لە حوسێن عەلی مونتەزری بوو، بەرپرسایەتیی "یەکەی شۆرشی رزگارکەی سپا"ی گرتە ئەستۆ.
 بەڵام چەند مانگ دواتر  ئەو یەکەیە بە هۆی ئەوەی بە تەواوی لە ژێر رکێفی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامیدا نەبوو لە لایان پارلمانی ئێرانەوە هەڵوەشاوە و زۆربەی ئەندامانی چوونە نێو "یەکەی زانیاری سپا" هەر چەند پاش ئەوەش میهدی هاشمی "ریکخراوی شۆرشی جیهانی ئیسلام"ی دامەزراند و بەشێکیش لە ئەندامانی "یەکەی بزوتنەوەی رزگارکەری سپا" لەگەل مێهدی هاشمی کەوتن.
لە پاشان مێهدی هاشمی بە دەست کۆماری ئیسلامی ئیعدام کرا هۆکاری ئێعدامی ئەو ئەوە بوو کە ،سەودای "مەک فارلێن"ی لە رۆژنامەی الشراع لە هەڵا دابوو.
٢:
حەمەعەلی رەجایی لە مانگی گەلاوێژی ساڵی  ١٣٦٠ و لەو سەردەمێک کە  سەرۆککۆماری ئێران بوو، لەگەڵ دوحەتونامەیەک بە نێوی "پیام انقلاب" وتوێژێک دەکات و دەڵێت:بەرژەوەندیی کۆماری ئیسلامی لەوە دایە کە شۆرش بنێرێتە دەرەوەی ئێران.
رەجایی لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: بەرژەوەندیی کۆماری ئیسلامی لەودایە کە شۆرشە ئیسلامییەکەی هەناردەی هەموو دنیا بکات ، هەرچەند ئەگەر ،لەو کردەوەیە  لە بواری مادییەوە هیچ قازانجێکێش نەکەین و ناچاریش بین خەرجیشی تێدا بکەین."
هەر لەو ژمارەیەدا وتارێک لە ژێر ناوی "بزوتنەوەکان و سپا" باس لە دامەزراندنی پەیوەندی پتەو لە نێوان حەشیمەتی موسلمانان دەکات و لە درێژەی بابەتەکەی دا دەڵێت: بۆ برەودان بە شۆرشی ئیسلامی لە نێوان نەتەوەکاندا دەبێ سیاسەتی دەرەوەری کۆماری ئیسلامی بە روانینێکی تایبەت بروانێتە بزوتنەوەکان' لە درێژەی بابەتەکەدا هاتووە: "سپای پاسدارانی شۆرشی ئیسلامی  چون بەرپرسایەتیەکی لەبەرانبەر بزوتنەوە رزگاری خوازەکان لە ئەستۆیە لەو بوارەدا چەند هەنگاوێکی هەڵێناوتەوە".
ئەو وتووێژە و ئەو وتارە پاش ئەوە کراوە کە "یەکەی بزوتنەوەی رزگارکەری سپا" هەڵوەشاوتەوە.
دوحەتوونامەی "پیام انقلاب" سەر بە سپای پاسداران بوو. ئەو دووحەوتوونامەیە لە چەند ژمارەی دواتری دا وتارێکی لە ژێر ناوی "شکستی سەدام،شکستی ئیمپریالیزم بە دامەزراندنی سپای قودس" بڵاوکردەوە و لەو  وتارەدا باس لە دامەزرانی سپای قودس دەکا، سپای قودس ئەرکی هەناردە کردنی شۆرشی ئیسلامی بۆ دەرەوەی ئێران بوو.
لە مانگی سەرماوەزی ساڵی ١٣٦٠دا هاشمی رەفسنجانی کە لەو کاتەدا سەرۆکی پارلمانی کۆماری ئیسلامی بوو لە نوێژی جومعەی تاراندا دەلێت:
"وا باشە وڵاتانی ئیسلامی هەموویان گەمارۆیەکی نەوتی بخەنە سەر ئیسرائیل و پاشان هەر کامەی لەشکرێک  بێنێت و ئەو لەشکرانە  کۆکرێنەوە و رێکبخرێن و پاشان بە هەمووان بچین بۆ شەری ئیسرائیل" ئەو پێشنیارەی رەفسنجانی قەت سەری نەگرت و هیچ وڵاتێک لەگەڵی نەکەوت.
لە سەردەمی شەڕی نێوان عێراق و ئێراندا قەرارگای رەمەزان لە کرماشان ببوو بە یەکێ لەو ناوەندانەی کە بریار بوو شۆرش لەوێوە هەناردە بکرێتە عێراق و هەر ئەوەش وای کردبوو کە زۆربەی بەرهەڵستکارانی ریژیمی بەعس لەوێ کۆببونەوە.
پاش هەڵگیرسانی شەری یەکەمی خەلیج بە پێشنیاری هاشمی رەفسنجانی بۆ ئامادەکاری لە بەرانبەر هەر ئەگەرێکدا باسی بڕەودان بە سپای قودس وەکوو بەشێک لە سپای پاسداران هاتە ئاراوە ئەو لە بیرەوەرییەکانی ساڵی ٧٠دا باسی ئەو بابەتە دەکا.
پێشنیارەکەی رەفسنجانی دەگەراوە بۆ وتوێژەکەی کە حەمە عەلی رەجایی لە ساڵی ١٣٦٠دا لەگەل گۆڤاری " پیام انقلاب" کرد بووی.
بەڵام یەکەم کردەوە تێرۆریستیەکان کە شوێن پێی سپای قودسی لێ هەڵگیرا تەقینەوەی ناوەندی نیزامیی ئامریکا و فەرانسە لە بەیروتی لوبنان لە یەکی گەڵارێزانی  ١٣٦٢ بوو. لەو تەقینەوەیەدا ٢٩٩ کەس کوژران ئامانجی تەقینەوەکە ئەوە بوو کە هێزی نیزامی ئامریکا و فەرانسە لوبنان چۆل بکەن کە ئەو ئامانجەش هاتە دی. ئامریکایی و فەرانسەوییەکان پاش ئەو تەقینەوەیە لوبنانیان چۆل کرد.
لەو تەقینەوەیەدا سپای قودس و حیزبوڵای لوبنان دەستیان هەبوو لە ساڵی ١٣٩١دا کۆماری ئیسلامی بە تاوانی ئەو تێرۆرە ٨ میلیارد و ٨١٣ ملوێن دۆلار غەرامە کرا.
٣:
لە تێرۆری بەرهەڵستکارانی کۆماری ئیسلامی دا، بەردەوام ناوی لوبنانییەکان و گروپە ئیسلامییەکان دەهاتە گۆڕێ بەڵام ناوی سوپای قودس وەک رێکخراوەیەک باس نەدەکرا. ئەو بێ دەنگییە هەتا تەقینەوەی ئامیا درێژەی هەبوو. لە تەقینەوەی ناوەندی هاوکاریی ئیسرائیل و ئارژانتین "ئامیا"، دادگا لە رەشەمەی ١٣٨٥  دا بریاری دەستبەسەر کردنی ئەحمەدی وەحیدی وەکوو بەرپرسی سپای قودس و عماد مۆغنییە کەیەكێ لە سەرۆکە نیزامییەکانی حیزبوڵا بوو  دەرکرد و هاوکات لەگەڵ ئەوە بریاری دەستبەسەر کردنی ٧ کەس لە بەرپرسانی سیاسی کۆماری ئیسلامی لە لایان دادگای ئامیاوە دەرکرا کە لە نێو ئەواندا هاشمی رەفسنجانی سەرۆککۆماری ئێران لە کاتی تەقینەوەی ئامیا و وەزیری دەروەی ئەو کاتی ئێران عەلی وەلایەتی تێدا بوو.
پێش ئەو دادگایە ،دادگای میکونۆس لە بەرلین لە ٢١ خاکە لێوەی ١٣٧٦دا بریاری دا کە کاربەدەستانی باڵای کۆماری ئیسلامی و لەوانەش رێبەر و سەرۆککۆمار و وەزیری دەورەوی ئێران و وەزیری ئیتلاعات لە تێرۆری میکونوسدا دەستیان هەبووە. لەو تێرۆرەش دا ٤ کەسی لوبنانی وەکوو تاوانبار ناسران. بەڵام لەو دادگایە دا باسێک لە دەستتێدا بوونی سپای قودس نەکرا.
 لە تیرۆری یەکەمی شاپووری بەختیاریش کەسێکی لوبنانی وەکوو تاوانبار ناسرا ئەو کەسە ئەنیس نەقاش بوو نەقاش دواتر گوتی: من لە لایان کاربەدەستانی حکوومەتی ئێرانەوە ڕاسپێردرابووم بۆ ئەوەی بەختیار تێرۆر بکەم.
لە تێرۆری هادی خورسەندی دا، کە پێی زانرا و سەری نەگرت بریار بوو دو پیاو و ژنێکی ئەلجەزایری ئەو تەنزنوسە ئێرانییە بکووژن.
هەر چەند لە تێرۆری بەرهەڵستکارانی کۆماری ئیسلامیدا باسیک لە ئەوە ناکرێت کە سپای قودس دەستی لەو تێرۆرانەدا بووبێت بەڵام خاڵی هاوبەشی هەموو ئەو تێرۆرانە ئەوەیە کە کەسانێک لە بزوتنەوەی وڵاتێکی ئیسلامیدا دەیانویست بەرهەڵستکارانی ناخۆیی و دوژمنانی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی تێرۆر بکەن.
 ئەگەر ئەو خاڵە، واتە دەست تێدابوونی کەسانی سەر بەگروپی ئیسلامی لە بزوتنەوە ئیسلامییەکانی وڵاتانی موسڵمان لە تێرۆری بەرهەڵستکارانی کۆماری ئیسلامی لە پەنا دروشمی پشتگیری لە بزوتنەوەی ئیسلامی لە وڵاتانی موسڵمان و هەناردە کردنی شۆرشی ئیسلامی دابنێن، کە دروشم و بنەمای فکری دامەزراندنی سپای قودس بووە زۆر بە ڕوونی بۆمان دەرد دەکەوێت کە ئامانج لە دامەزراندنی سپای قودس، دروشمی هەناردە کردنی شۆرش و پشتگیری کردن لە بزوتنەوەی ئیسلامی، لە راستیدا پاراستنی کۆماری ئیسلامییە.
هاوکات لەگەڵ ئەوە پرسیارێک دێتە گۆرێ ئەویش ئەوەیە ئاخۆ سپای قودس شتێکی جیاواز لە کۆماری ئیسلامییە؟ بریاری نێو ریزەکانی ئەو سپایە چۆن دەدرێت؟ و چ کەسێک گەڵالە و پیلان بۆ  ئەو سپایە دادەرێژێت؟
*****************************
سپای قودس لە نێوان واقع و وەهمدا)بەشی دووهەم)
پرسیاری ئەو بەشە ئەوەیە: "ئایا سپای قودس شتێکی جیاواز لە کۆماری ئیسلامییە؟
 ١:
رەمەزان شەریف بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەکانی سپای پاسداران لە وتووێژ لە گەڵ ژمارەی ٩٢ی گۆڤاری ئاسمان دا، کە لە رەزبەری  سالێ ١٣٩٠ دەرچووە دەڵێت: سپای قودس یەکێ لە لقەکانی سپای پاسدارانە و ئەرکەکانی دەچێتە چوارچێوەی ئەرکی گشتیی سپای پاسداران و ئەرکی سپای پاسدارانیش پاراستن و داکۆکی کردن لە دەسکەوتەکانی کۆماری ئیسلامییە.
ئەو لە درێژەی ئەو وتووێژەدا دەلێت : ئێمە ناتوانین سپای قودس لە سپای پاسداران هەڵاوێرین.
بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەکانی سپا هەر لەو وتووێژەدا دەڵێت: سپا پێبەندی سیاسەتە گشتییەکانی کۆماری ئیسلامی و شۆرشی ئیسلامییە.
ئیسماعیل کەوسەری جێگری سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەمنیەتی نەتەوەیی لە پارلمانی ئێران لە وتووێژ لەسەر سپای قودس لەگەڵ ژمارەی ٩٢ گۆڤاری ئاسماندا کە رەزبەری ساڵی  ١٣٩٠ دا بڵاوبۆتەوە ،دەلێت: جەغزی کار کردنی سپای قودس هەموو جیهان دەگرێتەوە بەڵام ئێمە تەنیا ئەزموونی خۆمان دەگەیەنینە دەست لاوانی موسلمانی دنیا.
قاسم سولیمانی بەرپرسی سپای قودس لە دانیشتن لەگەڵ خوێندکارانی مەدرەسەی حەقانی قوم لە جۆزردانی ١٣٩٠ دا دەلێت:
شۆرشە کۆمەڵایەتییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەراست و باکووری ئافریقا باشترین دەرفەتی بۆ شۆرشی ئێمە خوڵقاندووە ئەمرۆ شکست و سەرکەوتنی ئێران لە مێهران یان خۆرەمشار نییە ئەمرۆ سنوورەکانی ئێمە بڵاوتربۆتەوە و ئێمە دەبێت سەرکەوتن لە میسر ، عێراق ، لوبنان و سوریە بەدەست بێنین [ئەو شۆرشانەی ئێستا لەو ناوچانە دەیبینن] دەسکەوتی کۆماری ئیسلامییە[1].
حەسەنی عەباسی کە بە دارێژەری ئێستراتژی سپای پاسداران ناسراوە لە بەرنامەی لێکدانەوەی فیلمی" هەڵاتن لە زیندان" کە بۆ خوێندکارانی بەسیجی داناوە دەلێت: ئامریکا پێی وانەبێت کە ئێران ناتوانێ زەربەی لێدا ئامریکا موسلمانی تێدایە و ئێمە هەر لە رێگەی موسلمانانی خۆیەوە دەتوانین زەربەی زۆر کاریگەری لە ئامریکا بدەین پێویست ناکات ئێمە لە ئێرانەوە هێز بنێرین بۆ ئامریکا هەتا لەوێ زەربەی لێدەین ئێمە دەتوانین موسڵمانانی ناوخۆی ئامریکا بۆ ئەو ئامانجە بەکار بێنین.
٢:
سپای قودس لە راستیدا لەسەر بنەمای دۆکتۆرینی ئیسلام_ئێران و بۆ مەبەستی پاراستنی کۆماری ئیسلامی دامەزراوە. بەو واتایە کە سپای قودس لە رێگەی ئایینی ئیسلام و ناسیونالیزمی ئێرانی  دەیەوێت دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی پەرەپێبدات بەردەنگی ئەو تئۆرییە، موسڵمانانی نارازی لە دەسەڵاتدارانی وڵاتانی خۆیان، بەر‌هەڵستکارانی سیاسیی وڵاتە ئیسلامییەکان و حەشیمەتی موسلمان کە خوازیاری دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسلامین.
سپای قودس لە راستییدا رێکخراوەیەکە کە بۆ بەرێوە بردنی دوکتۆرینێکی ئەمنیەتی _سیاسیی ئیسلام_ ئێران بە ئامانجی  پاراستنی کۆماری ئیسلامی دامەزراوە.
ئەو سپایە هەم بەرژەوەندیی کۆماری ئیسلامی دەپارێزی و هەمیش سیاسەتە ئیستراتژیکەکانی ئەو رێژیمە پەرەپێدەدات .
دیارە حەمە عەلی رەجایی لە سەردەمی سەرۆککۆماریی و  لە گەلاوێژی ساڵی ١٣٦٠ی هەتاویدا بە ئاشکرا دەلێت : بەرژەوەندی کۆماری ئیسلامی لەوەدایە کە شۆرشی ئیسلامی هەناردەی دەرەوە بکات هەرچەندە لە بواری ئابوورییەوە هیچ قازانجێکی بۆ ئێمە نەبێت بەڵام ئێمە ناچارین کە سەرمایەیەکی زۆری بۆ تەرخان بکەین.
ئەو دۆکتۆرینە بیرۆکەکەی لە دۆکتۆرینی کۆمۆنیست_سۆڤیەت وەرگیراوە. ئێران وەکوو ناوچەیەک کە زۆر جار دۆکتۆرینی کۆمۆنیست _سۆڤیەت بارودۆخی سیاسیی ئەو وڵاتەی ئالۆز کردووە یان ئاراستەی رووداوە سیاسییەکانی گۆرییوە، لە بواری مێژووییەوە رەوتە سیاسییەکانی نێو ئێران ئەزمونێکی زۆریان  لەو بوارەدا هەیە.
ئێستاش رەخنەگرانی سیاسەتی حیزبی توودە و رەوتە چەپەکانی ئێران بە گاڵتە بە لایەنگرانی کۆنی ئەو رەوتە دەلێن : ئەگەر لە مسکۆ باران باریبایە ئێوە لە تاران چەترتان هەڵدەدا.
ناوەرۆکی ئەو رەستەیە ئەوەیە کە حیزبی تودە لە ئاستی سیاسەتەکانی سۆڤیەتدا بەرپرسایەتی هەبوو نەک لە بەرانبەر ویستە سیاسی و کۆمەلایەتییەکانی کۆمەڵگای ئێران دا.  هەر وەکوو دەشبینین لە کۆدەتای گەلاوێژی ١٣٣٢دا هەر چەند توودە دیتوانی لە دژی ئەو کۆدەتایە راوستێ بەڵام دەستی لەسەر دەست دانا! چون سۆڤیەت دژی سیاسەتەکانی محەمەدی موسەدیق بوو هەر ئەوەش وای کرد کە حیزبی توودە توشی ئالۆزی بێت و نەتوانێت سیاسەتێک بۆ پاراستنی پەرژەوەندییەکانی خۆی و لاینگرانی بەرێوە بەرێت.
لێرەدا دەبێ بڵێین سپای قودس لە سەر بناغەی ئیسلام _ ئێران دامەزراوە بە شێوەیەک کە ئەو سپایە پاش ناسینی رەوتە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی نێو وڵاتانی موسلمان،  هەوڵ دەدات لەگەڵ ئەو رەوتانە پەیوەندی بگرێت ئامانجیشی لەو پەیوەندییە ئەوەیە کە دزە بکاتە نێو ریزەکانی ئەو رەوتانەوە هەتا لە رێگای ئەو رەوتانەوە :
١: بەرژەوەندیی کۆماری ئیسلامی بپارێزێت.
 ٢: برەو بە بیری سیاسیی هەڵقوڵاو لە دامەزراوەکانی کۆماری ئیسلامی بدات.
واتە سپای قودس دەیەوێت نارەزایەتیی کۆمەلایەتی و ویستی سیاسیی کۆمەڵگای ئیسلامی و تاکی موسڵمان بخاتە ژێر رکێفی خۆی و بۆ ئامانجی خۆی بەکاریان بێنێ.
 ئەگەر بمانهەوەێ ڕوونتر بڵێین، ئەو سپایە دەیەوێت لە رێگای رەوتە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی وڵاتانی موسلمان کە لەسەر بناغەی  بیری ئیسلامین، حەسارێک لە دەوری سنوورەکانی  کۆماری ئیسلامی ساز بکات. هەر وەکوو ئێستا سولەیمانی بە راشکاوی دەلێت: سنوورەکانی کۆماری ئیسلامی بڵاوبونەوە. هاوکات لەگەڵ ئەوە کۆماری ئیسلامی لە پاش ١١ی سێپتامبری ٢٠٠١دا لە هەوڵدابووە کە  بایەخە جیهانییەکان وەکوو مافی مرۆڤ، دێموکراسی، مافی تاکەکەسی، مافی منداڵ، مافی ئافرەت پێناسەیەکی ئیسلامی پێبدات. ئەو لە رێگای دزە کردن لە نێو ریزەکانی رەوتە ئیسلامییەکانەوە دەیەوێت خوێندنەوەی خۆی لەو چەمکانە لە نێو موسلمانان برەو پێبدات هەتا بەو شێوەیە کۆسپێک لەسەر رێگەی بایەخە گشتییەکانی سیاسەتی رۆژئاوا دا ساز بکات.
لێرەدا پرسیارێک ساز دەبێت ئەویش ئەوەیە :  سپای قودس بە چ شێوەیەک کار دەکات؟
دەبێ پێش وڵامی ئەو پرسیارە ئەو باسە بێنینە ئاراوە کە رەنگە لە روانگەی هەوەڵدا زۆر کەس بیرلەوە بکاتەوە کە سپای قودس تەنیا لەگەڵ موسلمانانی شیعە پەیوەندی دەگرێت. ئەوە زۆر راست نییە. سپای قودس لە موسلمانانی شێعە  نزیکترە بەڵام بنەمای کاری سپای قودس   لەسەر بناغەی دۆکتۆرینی ئیسلام_ ئێران دامەزراوە. ئەو دۆکتۆرینەش لە هەوڵ دایە کە لە ئایینی ئیسلام بۆ پاراستنی کۆماری ئیسلامی کەڵک وەرگرێ وەک چۆن لە سەردەمی شەری سارد دا، سۆڤیەت دەیەویست لە بیری کۆمۆنیزم بۆ پاراستنی خۆی کەڵک وەرگرێت.
سپای قودس بە ستراتێژیی پاراستنی کۆماری ئیسلامی و لەسەر بناغەی دۆکتۆرینی ئیسلام _ئێران بە سێ تاکتیکی جوداواز کار دەکات.
 بۆ ئەوەی باسەکە ڕوون بکەینەوە نەخشەی جیهان بە پێی رێژەی  حەشیمەتی موسڵمانان و ئایینزای موسڵمانان  بەسەر سێ بازنەدا دابەش دەکەین:
١: بازنەی یەکەم: ئەو بازنەیە هەرێمێک لە خۆ دەگرێت کە موسڵمانی شێعە زۆرینەی حەشیمەتەکەی پێک دێنێ یان تێیدا دەسەڵاتدارە ئەو بازنەیە دەقاودەق هیلالی شێعە دەگرێتەوە.
٢: بازنەی دووهەم: ئەو بازنەیە ،ئەو ناوچانە دەگرێتەوە کە موسڵمانی سونی زۆرینەی حەشیمەتەکەی پێکدێنن.
٣: بازنەی سێهەم: ئەو بازنەیە هەرێمی دەرەوەی وڵاتانی ئیسلامی دەگرێتەوە و هەموو ئەو وڵاتانە لە خۆ دەگرێت  کە لەواندا موسڵمانان وەکوو کەمینەیەکی ئایینی  دەژین.
بازنەی  یەکەم:
سپای قودس لە بازنەی یەکەم دا خولیای دامەزراندنی دەوڵەتی شیعە یان مانەوەی دەوڵەتی شیعەیە ئەو بازنەیە عێراق، سوریە و لوبنان دەگرێتەوە.
سپای قودس بە بەربڵاوی پشتیوانی لە رێژیمی ئەسەد دەکات. و راستەخۆ بەشداری سەرکوتی بەرهەڵستکارانی ئەسەد دەکات و دەبینین لە عێراق، سپای قودس بەتەواوی پشتی مالکی دەگرێت و لە هەموو توانای کەڵک وەردەگرێت بۆ ئەوەی مالکی بمێنێتەوە.
ئەو چەشنە پشتگیرییە دوو هۆکاری هەیە:
 ١: نابێت بایەخەکانی سیاسەتی دەرەوەی  ئامریکا و رۆژئاوا لە عێراق و سوریە  ببنە بنەمای دەوڵەت ئەو بایەخەنە بریتین لە:
دێموکراسی، ئازادی تاکەکەسی، مافی مرۆڤ، مافی کەمینە، مافی ژنان و منداڵان و ئازادی رادەبرین و ئازادی بلاڤۆکەکان .
هۆکاری ئەوەی سوپای قودس لە دژی ئەو چەمکانەیە  دەگەرێتەوە بۆ پێکهاتەی کۆمەلایەتی، ئایینی و ئێتنیکیی ئێران و لەگەڵ ئەوەش کۆماری ئیسلامی لە چەند ساڵی ڕابردوودا لەهەوڵدابووە پێناسەیەکی ئیسلامی بۆ ئەو چەمکانە دانێت و لە رێگای جۆراوجۆریشەوە ئەو پێناسەیەی بڵاوکردۆتەوە.
٢: ئامانجی دووهەمی سپای قودس دامەزراندنی دەسەڵاتی ئیسلام_ شیعەیە بۆ وێنە  لە عێراق بە ئامانجی دامەزراندنی دەسەڵات لەسەر بناغەی ئیسلام _ شیعە پشتگیریی مالکی دەکات  ئەو ئامانجە بە گشتی هەموو  بازنەی یەکەم  دەگرێتەوە. سپای قودس لە سورییە داکۆکی لە دەسەڵاتی ئەسەد دەکات و راستەوخۆ بەشداریی سەرکوتی بەرهەڵستکارانی سورییە دەکات. و لە لوبنان بە هەموو توانای پشتگیری لە گروپی ٨ی مارس دەکات.
لێرەدا رەنگە ئەو پرسیارە ساز بێت کە چۆنە سپای قودس کە بەشێوەی رەسمی دەڵێت  پشتگیری لە هێزە ئازادیخوازە ئیسلامییەکان دەکەین بەڵام لایەنگری لە ئیسلام_شیعە  دەکات؟!.
 هۆکاری کێشانی سێ بازنە بۆ چالاکییەکانی سپای قودس دەگەرێتەوە سەر ئەو پرسیارە. سپای قودس ئەگەر بریار بێت لە نێوان ئیسلام _شیعە و ئیسلام_سوننی لایەنێک هەلبژێرێ ئەوە بە دڵنیاییەوە شیعە هەڵدەبژێرێ. چون بنەمای دەسەڵاتی ئیسلامی لە ئێراندا ئیسلامی شیعەی جەعفەرییە، لەگەڵ ئەوەش دا، سپای قودس لە بازنەی یەکەم دا کە هەمان هیلالی شیعەیە ئامانجی ئەوەیە دەسەڵاتی شیعە دامەزرێنیت واتە ئێران لە ناوچەی هیلالی شیعی بە دوای  ئەوەوە  نییە ئەو ناوچانە بخاتە سەر ئیران بەڵکوو ئامانجی ئەوەیە کە چەند دەسەڵاتێکی شێعەی هاوپەیمان لەو هەرێمەدا دامەزرێنێت و بە یارمەتی ئەوان سیاسەتە گشتییەکانی کۆماری ئیسلامی  لە رۆژهەلاتی نێوەراست و دنیا دا بەرێوەبەرێت.
بازنەی  دووهەم ئەو وڵاتانە دەگرێتەوە کە زۆرینەی حەشیمەتەکەی موسڵمانی سوننین سپای قودس لەو وڵاتانە دا بە دوای دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسلامییەوە نییە ،بەڵکوو بەداوای ئەوەوەیە کە لە رێگەی رەوتە کۆمەلایەتی و سیاسیەکانی دژ بە دەوڵەت لەو وڵاتانە، بەرژەوەندیی کۆماری ئیسلامی بپارێزێت.
شێوەی کاری سپای قودس لەو بازنەیەدا بە دوو جۆرە:
 ١: دامەزراندنی حیزب و رێکخراوەی سەربەخۆی
 ٢: دامەزراندنی "شانەی تێرۆریستی " سەربەخۆی
ئامانج لەو دامەزراوانە ئەوەیە لە رێگەی ئەو دامەزراوانەوە زەخت بخاتە سەر دەوڵەتانی ناوچەکە هەتا ئەو دەوڵەتانە پێملی  سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی بکات و مەترسییان لەسەر کۆماری ئیسلام کەم بکاتەوە.
بازنەی  سێهەم ئەو وڵاتانە دەگرێتەوە کە زۆرینەی حەشیمەتەکانیان کەسانی ناموسلمانن و کەمینەی موسلمان بەشیک لە شارۆمەندانی ئەو وڵاتانەن.
 گەڵالەی سپای قودس لەو بازنەیەدا بە پێی هەڵاواردنی ئایینی و مافی کەمینە پێک دێ.
لەو بازنەیەدا سپای قودس  بە دوای رەوتی کۆمەلایەتی یان سیاسی ئیسلامییەوە نییە بەڵکوو لەو هەرێمەدا سپای قودس دەیەوێت "شانەی تێرۆریستی" دامەزرێنێ.
 ئەو شانانە لەسەر بنەمای دۆکتۆرینی ئیسلام_ئێران دادەمەزرێت و بە گشتی موسڵمانانی دەمارگرژ، ئێرانیی دانیشتووی دەرەوە بەتایبەتی ئەو کەسانەی کە پێشتر بەرهەڵستکاری کۆماری ئیسلامی بوون و ئێستا لە کردەوەی خۆیان بە هەر هۆیەک  پەشیمانن لەو بازنەیەدا گرینگیی تایبەتیان هەیە.
" شانەی تێرۆریستی " پێکهاتووە لە چەند کەسێک کە خولی فێرکاریی نیزامی و سیخوڕیی تایبەت دەبینن و لە کاتی پێویست دا رادەسپێردرێن بۆ کردەوەیەکی تێرۆریستی. ئەو شانانە  لەبواری ریکخراوەییەوە پێکەوە پەیوەندییان نییە و هەر شانەیەک لە شانەکەیتر جودایە و و بەتەواوی سەربەخۆن و وەکوو چاوگەیەک هەڵسووکەوت دەکەم  هەر شانەیەک جیا لە شانەکانیتر کار دەکات و ئەو شانانە تەنیا ناوەندی بریارەکانیان یەکە و هیچ چەشنە پەیوندیەکی ئۆرگانی و ریکخراوەی و فێرکاریان پێکەوە نییە و هەر کامەی بەتەواوی لەوەی کە جیایە بەڵام لە ناوەندی بریاردا یەک دەگرنەوە وەکوو هێشوو ترێ وان هەر کامە خۆی جیا لەوەی کەیە ئەو قانوونە هەموو شانەکانکان دەگرێتەوە  تەنانەت ئەگەر دوو شانە لە یەک دەڤەریشدابن.
ئەو شانانە پتر بۆ کردەوەی تێرۆریستی رێکدەخرێن و لە کاتێدا کە کۆماری ئیسلامی بەرژەوەندییەکی تایبەتی تووشی مەترسی  دەبێت یان بۆ مەبەستیکی تایبەت پێویست بێت کردەوەیەکی تێرۆریستی بەرێوە بچێت  ئەو شانانە  چالاک دەکرێن و لە کاتی ئاساییدا خامۆشن.
گەڵالەی تێرۆری بالوێزی عەرەبستان لە واشینگتن دی سی باشترین وینەیە بۆ ئەو بەشە.
شێوەی کارکردن لە  بازنەکاندا چەق بەستوو نییە بەڵکوو سیاسەتێکی کراوەیە. تەنیا ئامانج یەک ئامانجە ،بەڵام بەگشتی هەر بازنەیەک بە پێی سیاسەتی تایبەت ئیدارە دەکرێت. ئەوەش هۆکاری دەگەرێتەوە بۆ دەرەتانی کۆمەلایەتی و سیاسی ئەو هەرێمەی کە بریارە، چالاکیەکی لێبکرێت
ئامانجی هەموو ئەو کردەوانەی سپای قودس پاراستنی کۆماری ئیسلامییە و هەر بەو هۆیەشەوە ناکرێت بلێن سپای قودس رێکخراوەیەکی سەربەخۆ یا دەمارگرژی نێو رەوتە سیاسییەکانی کۆماری ئیسلامییە. بەڵکوو بە پانەوە دەبێ بلێن سپای قودس دۆکتۆرینێکی حکوومەتییە کە ئامانی پاراستنی کۆماری ئیسلامییە
١:







[1] گۆڤاری ئاسمان ژمارەی ٩٢ رەزبەری ١٣٩٠

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر