۱۳۹۴ مرداد ۲۰, سه‌شنبه

دیالۆگی نێوان من و مام تۆفیق


بەیانییەکی زوو پێش مەلابانگدان کابرایەکی جامانە بەسەرم لە سەرەی سەموونی حەجەری توش بوو، هێندێ لێمی ڕوانیی و تۆزێ خۆی قیلەوقانج کرد و هاتە پێشێ، ئەرزی کردم : ئەرێ تۆ مامۆستای؟


منیش لە حەیاتمدا شتی وام بە خۆوە نەدیبوو، پاتۆڵەکەمم هەتا سەر نێوکم هێنا و دەستێکم بە لووتم داهێنا و بە دەنگێکی زۆر دلێرانەوە فەرمووم : بەلێ من مامۆستام!!
 ئەرزی کردمەوە: ئەرێ مامۆستا قەدیمییان گوتوویانە ماڵی کەم تیز بە خاوەنی دەکات، یانی چی؟
بیستبووم، بەڵام لای ئێمە بە خاوەنیان دەگوت ساحەو. دەستم پێکرد وەکوو شایەری چاک گوتم جا قوربان چیتان پێی بفەرمووم:
لە کۆنەوە وایان گوتووە!!
 من  بە حوکمی ئەوەی زۆر لە سیاسەتدا مامۆستام!! ئەگەر کابرا باسی دیزە و پنە و تەشی بکات یان باسی بێژنگ و داشگیر و قونەکەو بکرێت بۆ ئەوەی لە پسپۆری و شارەزایی و بواری مامۆستایی خۆم دەرنەچم،  هەر دیهێنمەوە سەر کەروتێڕەکە و بە جۆرێک  بە  "سیاسەتە حەیاتەکە"وە گرێی دەدمەوە؛ بۆیە لە درێژەی فەرمایشاتی نێو سەرەی سەموونی گەرم، بە دەنگێکی زۆر دلێرانە فەرمووم: ڕاستیشە
ئەوەیش ئەرزی کردم: چۆن؟!

ئیتر ئاگام لەخۆم نەما و لێمڕست؛
بیری لێدەکەمەوە کوردی نەگبەت بەسەر چوار وڵاتاندا دابەش کراوە و لە هەر چواری هەتا خودا حەز دەکا تێیان هەڵداوە و لێیان کوشتووە و لە فەرهەنگ و لە ئابوورییەوە بگرە هەتا منداڵی سەرلانکەیان لە نێو بردووە. یەک پێی گوتوە ئێرانی و ئەوەیتر پێگوتوە عەرەب و یەکی دیکە بە  تورکی کێوی زانیوە.
 پاش شێخ و مەشاخێکی زۆر و لە سایەی سەری ئامریکاوە قوژبنێک لەو دنیایەوە و گۆشەیەک لەم کوردستانە کەوتۆتە دەست خۆی ئەوەی ڕاست بێت لە هەموو شت دەچێ حکوومەت نەبی. نە ئیدارەیەکی هەیە کاری خۆی بکات و نە وەزارەتێکی لەسەر جێی خۆیەتی و هەرچی و پەرچییەکە نەبێتەوە بۆ گەڵاڵە و بەرنامەش خوا هەڵناگرێ بەرنامەی بۆ دوو سەعاتی داهاتوو نییە، کەم واش هەیە کارێک بکات و باش دەرچێ.
دەڵین  ٢٤ ساڵە هەیە  کەچی ٢٤ سەعات کارەبای بۆ دابین نابێت. سەرباری ئەوە هەر چوار دەوری ئاورە و دۆستی هەرە نزیک و باوەڕ پێکراوەی داعشە جا لێکیدەوە بزانە دۆژمنی دەبێ چی بێت؟
 هەر لە پیرێژنی ١٠٠ ساڵەوە هەتا منداڵی دوو ساڵان هەر لە پیرە مێردی ردێن سپیەوە هەتا گەنجی قژلوول هەموو دەست و دوعا بوون کە خوا بیپارێزێ و خوایە ئەو عەنوایەمان لێتێک نەدەی.
 وەکوو کوری تاقانەی لێهاتووە بپشمێ سەد نوشتەی بۆ دەکەین و بە کوردییەکەی روحمان لە قونی دایە و هەموو بە سەرپەنای دەزانین. هەرچەند ئەمەگی بۆ کەس نییە و مافی یەک هاووڵاتیشی تێدا پارێزراو نییە و ئەوەی بە حیساب نایە، یاسایە و ئەوەی بە هیچ داناندرێ رێسایە.
 بەڵام هەر دەڵێین لە حوکمی عەجەم و عەرەب باشترە و هەر دەڵێین رۆژێ دێ خوا رەحم لە دڵی ئەو دەسەڵاتدارانە بنێ و ئاورێکیش لە ئێمەمانان وەدەن و دەڵێین باشە "خۆیی گۆشتیشت بخوا ئێسکت ناشکێنی".
 ئەو خۆشت دیوتە کە چەند حیزبێکی تێدا دەسەڵاتداران جارێ‌بوون بە مشک و کتک و بوون بە مار و سیر. ئەوە دەڵێ سیر ئەویان دەڵێ پیواز. قەت نەبووە دوانیان یەک قسە بکەن ١٥ بن ٢٠ قسە دەکەن و ٢٠ بن ٣٠ قسە دەکەن؛ هیچیشی ئەوەی کەی ناگرێتەوە.
جا مام حاجی دەزانی چی سەیرە؟ هەر لە جوابی خۆمدا دیسان
 فەرمووم: سەیرەکەشی لەوەدایە هەموو بۆ کوردستانی دەکەن و بۆ جێگرکردنی دێموکراسی و نازانم بۆ سەرخستنی ئازادی جا نازانم بۆ نەدامەتی بۆ ئازادی و دێموکراسی لەم قوژبنەی دنیا کە وەکوو دێڵی دەم توتکانی لێهاتووە، سەد شرۆڤە و هەزار راڤەی هەیە.
 نازانم کامی باسی کام کوردستان دەکا، بەڵام دەزانم هەر کەس مەبەستی کوردستانی خۆیەتی و هیچ کەس باسی کوردستانی ئەوەیتر ناکات. ئیتر چت بۆ بگێرمەوە حاجی گیان؟ بەو کەشیدەی سەرت قەسەم ، تێکەولێکەیەکە نەبێتەوە. بۆتە بازاری قەباغکەندی و سەگ سەحەبی خۆی ناناسێ.
 جا کاک حاجی، لێرە بەو تێکەولێکەیە دەلێن فرەدەنگی و فرەرنگی و پێم فرەژنیش دەگرێتەوە، بەڵام بەقوربانت بم تۆ  باسی فرەژنی نەکەی کە زمان ئامانە و باسی سەرە.
کاکە حاجی نەبووە و نابێ و نەبیستراوە و نابیسترێ کە رۆژێک یەکیان قسەیەک بکات و ئەوەیتر بۆی لە ئەستۆ بدا و وەبالی بۆ بکێشێ، هەرچی قسەی کرد، ئەوەی دیکە جرتی بۆ ڕادەدێرێ و هەمووی قازانجی لەوەدایە قسە، قسەی خۆی بێت و کەس گوێ بو کەس شل ناکات و هەر کەسەی لە حاند خۆیەوە خۆی بە پاشای ئەو مەملەکەتە دەزانێ و هەر قسە لە قسە بگیرێ خۆ فشدەکاتەوە و دەلێت : بەشی دەکەم و دەلێ : قاشی دەکەم و دەلێ: لەتی دەکەم  نازانم ئەو وڵاتە یان شووتییە
بەکورتی هەرچی بەدڵی نەبێ مقەستێکی لێدەسدەداتێ و وەریدەگەرێتێ و بەشەکەی خۆی لێکدەکاتەوە ئەوەی بۆشی لێنەکرێتەوە بارگەوبنەی دەپێچێتەوە و یاڵڵا بۆ هەندارنێ، بە کوردی و بە کورتی یان لەتی دەکا یان لێی هەڵدێت؛ لە هەزاران یەکت  چنگ دەکەوێ خەڵکی ئەم وڵاتە بێت و دڵسۆزی بێت و خۆی بۆ ماندوو بکات و لە خەمی دابێت.
 جا حاجی گیان  ئەوەیە دەلێن:  "مالی کەم تیز بەخاوەنی دەکات" و  ئەوەیە برالە جا وەرە لەو دنیا پان بەرینە و ئەو هەموو دەسەڵات و حکوومەتی تێدایە، تۆ بە نیوە حکوومەتێک ڕازی بی، ئەویش نەبێت و ئەوە حالی بێت جا خۆش ئەوەیە دوژمنان بەوەش ڕازی نین و دەلێن هەر دەبێ نەبێ، هەی بە کلکی خێوی.
گەیشتمە ئێرە و بە دەنگێک وەخۆ هاتمەوە کورێکی نیمچە جحێل لە خۆی نوسابوو دەیگوت: ئەرێ ئەو هەزار دینارە هی کێیە؟ کەس متەقی لێوەنەدەهات. منیش لە پڕتاو بیرم هاتەوە خۆ من قەدەرێکە لێرەم و هاتووم سەموونی گەرم وەرگرم فەرمووم :هی منە.
ئەرزی کردم: کورە مردووت مرێ، ئەتۆ سەعاتێکە لە دوور ڕاوەستاوی و لەگەڵ خۆت قسە دەکەی. قۆر بووم ئەوەندەم بانگ کردی.
بە توڕەییەوە فەرمووم: بۆ شێتم لەگەڵ خۆم قسە بکەم؟ ئەوە ئەم حاجییە لێپرسیم ئەرێ "ماڵی کەم تیز بەخاوەنی دەکات" یانی چی؟
کابرای سەموونخانە ئەرزی کردم: کامە حاجی؟
ئاورێكم داوە حاجی نەمابوو.
ژنێ لە نێو سەرەکەدا وەدەنگ هات و گوتی:  تۆفیقە شێت دەلێ. ئەو لە مێژە رۆیوە. کوڕە بابم ئەوە تێکچووە. دوێنی بە پلکە ئاشێی دەگوت: سەلامی بابت بکە. پلکە ئاشێی فەقیر بابی خۆی نەدیتییە. ئەوە ماریان لەو کۆڕانەی پشتەوەیە، لۆ نایناسی؟!
منیش بۆ ئەوەی بەخۆمدانەشکێمەوە، دیسان فەرمووم: وەڵا پورێ من غەریبم لێرە و کەس ناناسم.

کە وام گوت؛ ژنەکە ئەرزی کردم: بەخوای کوڕم دەمزانی غەریبی، دەنا پیاو ئاقر بێت قەت رۆژی ئەوە نییە قسەی وا بکەی. گوێم لێبوو لەگەڵ خۆت قسەت دەکرد، گوتم: کۆرەبم جوانوجحێرە، ئەویش وەکی تۆفیقی تێکچووە!

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر