۱۳۹۴ مرداد ۱۵, پنجشنبه

ڕقم لە ‌هێندێ وشە و زاراوەیە


لەوەتەی هەم بەخۆم نییە هێندێ شت هەیە کە ڕقم لێیەتی هێندێ شت کە خەڵکانێک خۆشیان دەوێ و ژیانی لەسەر دادەنێن بەڵام من ڕقم لێیەتی:
 ڕقم لە "نیشتمانە" چوون لەوەتای فامم کردۆتەوە ئەگەر تێدا ژیاوم لە ژێر هەرەشەدا بووم و نەحەساومەوە و ئەگەر لێی هەڵاتووم لە حەسرەتی گەڕانەوە بۆی سەرم ناوەتەوە و زۆر جارانیش تانەی بێ‌ئەویم لێدراوە و بە سووکیان داناوم چون دەلێن:نیشتمانت نییە. گەچی  لە پێناوی  نیشتمانە سەرم هەڵگرتووە و بەحەسرەتی  نیشتمان سەردەنێمەوە.

ڕقم لە خەڵکە چوون هەمیشە حەق بەوانە گەچی ئەوان زۆر بە ئاسانی فیروو دەخۆن دەمراستەکانیان کۆمەڵیک مرۆڤی لاپرەسەن و دووڕوون ، بەڵام ئەوان هەر خۆشیان دەوێن و رێزیان لێدەگرن،  مرۆڤ هەیە رۆژی سەد جاریان دەفرۆشێ، گەچی هەر لایان بەرێزە و ناوی لەسەر شەقامان دەنێن و منداڵی بەناوە دەکەن

ڕقم لە حیزبە چون ئەگەر هەمبێت دەبێ خۆم نەبم و ئەگەر نەمبێت چالاکی و بیر و ژیانم بەفرۆ دەراو، چون هەمیشە دەبێ لە نێوان بیری ئەو و بیری خۆم دا یەکیان هەڵبژێرم کە حیزبم هەبوو دائیم دەبێ یان خۆم گێلکەم یان چاوم بقووچێنم کە حیزبیشم نەبوو یان ناوی خۆفرۆشم لەسەر یان پێم دەلێن ترسەنۆک

ڕقم لە ئازادییە لەوەتای ناویم بیستووە بێ ئەوەی بیناسم و تەنانەت جارێک دیبێتم لەسەر تێم هەڵدەدرێت و جەزرەبە دەدرێم
ڕقم لە دێموکراسییە دەلێن لە یۆنان لە دایک بووە بەڵام ئاخ، چی پێنەکردم و هەر من خانوو دەکەم و ئەو پێی ڕێدەخشێنێ.

ڕقم لە دینە لەوەتەی هەم بۆتە مۆتەکەی ژیانم بە منداڵی لە ئاوری جەهەندەم و دوپشکی کلک درێژ و ماری حەوسەری دەترساندم و کە گەورەش بووم کۆمەلێک پیاوی ریشپانی ناشیرینی ناردە سەرم کە سەرم ببرن ئێستاش نازانم بۆ ئاوا دەکا

ڕقم لە سەرکردەیە، چون دەبێ هەموو شتێک بۆ ئەو و  لەبەر ئەو بێت،  هەرکەس بەقسەی نەڕوا دەیکوژێ بۆشی گرینگ نییە کێیە،سەرکردەکان فێرمان دەکەن کە لە پێناوی ئەو چۆن لەگەڵ یەک بەشەر بێین ،  بەراستیمەوە سەرکردەکان وان.

ڕقم لە ڕووناکبیرە هێندێ پیاوی بۆینباغ لە مل هەیانە ریشی درێژە و هەشە لەگەڵ سمێلی پاک پاک ریشی تاشیوە و بەعزێ ژنی دەم چەپڵەن، فێرم دەکەن چۆن ڕقم لە خەڵک بێت و چۆن بێ ئەوەی بیر لە نیشتمان بکەنەوە بژیم و چۆن حیزب بە سووک بزانم و چۆن دێموکراسی بێبایەخ بکەم و چۆن لە پێناو ئازادییدا نەژیم، ئەوان فێرم دەکەن کە دین هێمای ئاشتی و خۆشەویستییە و ئەو ناچارم دەکەن کە  تەنیا ئەو سەرکردانەم خۆش بوێت کە رێز لەوان دەگرن ئەگەر بەقسەیان بکەم لە دڵی خۆیاندا بە ئاقلم پێدەکەنن و ئەگەر بە گوێیان نەکەم شاربەدەرم دەکەن.  


هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر