۱۳۹۴ مرداد ۲۲, پنجشنبه

کێ بەرپرسە؟


شەوی ٢٠ی‌ گەلاوێژی ١٣٩٤ چوار کەس لە شەقامی "کەمەربەندی"ی بانە هێرشیان کردە سەر ژنێکی تەمەن ٣٧ساڵان و تیزابیان پێدا پژاند و، پشت و سنگی ئەو ژنەیان بەتوندی سووتاندووە و هەتا نوسینی ئەو بابەتە ئێوارێ رێکەوتی ٢٢ی گەڵاوێژی ١٣٩٤ لە نەخۆشخانەی سنە لە ژێر دەرمان دایە.
پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کێ یان کام لایەن لێرەدا بەرپرسە؟
بۆ وڵامی ئەو پرسیارە دەبێ بگەرێینەوە بۆ ڕوانگەی کۆمەڵگا لەسەر جەستەی ژن. لە کۆمەڵگای کوردیدا جەستەی ژن وەکوو ئامێرێکی جنسی بۆ پیاو سەیری دەکرێت بەڵام ناو هێنانی ئەو جەستەیە یان باس‌کردن لەو ئامێرە جنسییە نە لە لایان ژنەوە و نە لە لایان پیاوەوە حەرام کراو نییە؛ واتە روانگەیەکی جنسی لەسەر جەستەی ژن لە نێو دابی کۆنی کورددا هەیە بەڵام ئەو ڕوانگەیە حەرام کراو و قەدەغە کراو نییە چوون بە پانەوە لە فۆلکلۆری کورد دا رەنگی داوەتەوە


بۆ وێنە لە بەیتی سوارۆ دا کچ ئاوا باسی جەستەی خۆی دەکا:
ئەوە چووکەڵە سوارەکەی من
ئەگەر دەچووە سەفەری کاولەلئەحسایە
دەیگوت کیژێ دوو ماچم دەیە
بەسەری بە قوڕ و بە ملی بە کوێنم
رووم لێم وەردەگێڕا هەی لاڵ بم نەمدەدایە
لە دوایە دەچوومەوە پێش چووکەڵەسوارەکەی خۆم
زولفی خۆمم وەبەر دەگێڕا و مەمکی خۆمم بۆ دەبردەوە تکایە
شەرت بێ بە شەرتی خودا و رەسوولان
چووکەڵە سوارەکەی من بگەڕێتەوە لەوێ سەفەری هەرامەت و هەڵایە
ئەمن سنگی خۆمی بۆ دەکەمە کاغەزێکە مەرجان و
مەمکی خۆمی بۆ دەکەمە قەڵەمێکە فەڕەنگی
هەر وەکوو مەلای دوازدە عیلم
شەو تا رۆژی لێ بکاتەوە موتاڵایە(فۆلکۆلۆر بە دەنگی عەلی کەردار)
...
  یان لە بەیتی لاس و خەزاڵدا:
 خەزاڵ دەلێت: "دڵم ڕاناوەستێ لەبەر ئەوێ غەمێ لەبەر ئەوێ ژانێ.... ئەو گەردنەم بۆ تۆ پەروەردە کردووە، دەڵێی شووشەی گوڵاوێیە چەند خۆشە لاس و خەزاڵ لێکدی بپڕژێنن، لاس بلێ یای خەزاڵ ئەو شووشە گوڵاوییەوەم بۆ لەسەر دەڵاق دانێ.
ئەو کەشەفەم بۆ توو پەروەردە کردووە، جوتێک لیمۆی کاڵی لەسەرن خاوریسی داری لێبووە بە پەردە کلیلی بۆتە دەرزی هەشتەر خانێ
هێندێ خاڵ لە نێو سینگ و مەمکانم ئەو خاڵانە بە بێ مامۆستا و موستەعید دەخوێنەوە ئەلفن ، میمن ، خەتی قورعانێ"(توحفەی موزەفەرییە، ئۆسکارمان، ٢٢٦،٢٢٧ هەولێر٢٠١٤)
یان پیاو بەسەر خۆشەویستەکەی خۆیدا هەلدەلێت بۆ وێنە :
"موژەت نیزام و سەر عەسکەر
لەسەر چاوان بەستیان لەنەگەر
لنگیان دامێ دەستەو خەنجەر""(توحفەی موزەفەرییە، ئۆسکارمان، ٥١٢ هەولێر٢٠١٤)
 "خوا هەڵکەی بای شەماڵی
بیدەی لە دەسرەودەسماڵی
با دەرکەوێت وردەخاڵی"
"خوا بترازێ دوگمەکانی
بەڵكوو دەرکەوێ سنگ و مەمانی"
"خوزگە دەرزی بام تیژوو تەنک بام
دەروازەبانی سینگ ومەمەک بام" (فۆلکۆلۆر)
بەڵام کۆمەڵگای کوردستان کۆمەڵگایەکی ئایینییەوە لە ئێستادا لەراستییدا ئایین داب ونەریتی کۆمەڵگا دیاری دەکات و داب و نەریتی نائایینی بە هۆی بێ‌دەسەڵاتیی فەرهەنگی کورد و بەهۆی هەبوونی دەسەڵاتێکی ئایینی لە ئێراندا دەکەوێتە پەراوێز و دزێو دەکرێت. بۆ وێنە لە چەند ساڵی ڕابردوودا هەم کەسانی ئایینی و هەم حکوومەت لە هەوڵدان رەشبەڵەک لە کوردستان قەدەغە بکەن.
 ئایین، داب و یاسای  تایبەت بە خۆی لەسەر جەستەی ژن هەیە، لە قورئان کتێبی  پیرۆزی موسڵماناندا لە ئایەتی ٢٢٣ی سوورەتی بەقەرە و ئایەتیی ٦ سوورەتی مائدە و ئایەتی ٤٣ سوورەتی نساء و ئایەتی ٣١ی سوورەتی نووردا، باسی جەستەی ژن کراوە، لە ئایەتی ٢٢٣ی سوورەتی بەقەرەدا جەستەی ژن بە کێلگەی پیاو داندراوە لە دوو ئایەتی ٦ ی سورەتی مائدە و ئایەتی ٤٣ی سورەتی نساء جەستەی ژن بە پیسایی شوبهێندراوە لە ئایەتی ٣١ی سورەتی نوور باسی خۆداپۆشینی ژنان دەکرێت ئەوە ئایەتانەوە چەند ئایەتێکیتر وەکوو ٢٨٢ی سوورەتی بەقەرە و ئایەتی ٥ی سورەتی نساء دەبنە بنەمای فکری و جهانبینیی ئیسلام لەسەر ژن و بە پێی ئەو جیهانبینیە  یاسای تایبەت لە سەر جەستە، ژیانی کۆمەڵایەتیی ژنان و ژیانی تاکەکەسی و ژیانی ژنومێردایەتی دادەندرێت. وەکوو دەشزانین زۆربەی روانگەکانی نێو ئیسلام دەرهەق بە جەستەی ژن بە هۆی نگریس بوونی لە روانگەی ئیسلامەوە لەسەر "حجاب" بۆ جەستە  ساغ بوونەوە و لەو باوەڕەدان کە دەبێ ژن لە بەرچاوی  ئەوەی کە نامەحرەمی پێدەگوترێ، "حجابی" تەواوی هەبێت. بە کورتی ئیسلام لەسەر جەستەی ژن یاسای تایبەت بە خۆی هەیە.
ئیسلامی سیاسی ئەو لایەنە لە ئایینە کە بە مەبەستی بەرێوەبردنی قانونەکانی ئیسلام لە کۆمەڵگادا دەیەوێت دەسەڵاتی سیاسی بەدەستەوە بگرێت، لە ئیسلامی سیاسیدا یەکەم بنەما و گرینگترین کۆڵەکەی بیانوی  پێراگەیشتنی ئیسلامییەکان بە دەسەڵات بەرێوەبردنی کۆمەڵگا بە پێی قانونی ئیسلامییە و خاڵی جیاوازیی نێوان حکوومەتی ئیسلامی و دەسەڵاتدارانی موسڵمان ئەوەیە کە لە حکوومەتی ئیسلامییدا قانونی ئیسلامی کە سەرچاوەکەی دەقی پیرۆزی مسوڵمانانە بەرێوە دەچێت بەڵام لە دەسەڵاتدارێتیی موسڵماناندا قانونی ئیسلامی تەنیا بەشێک لە قانونەکانی دەسەڵاتدارێتی پێکدێنی.
وەکوو باسمان کرد بە پێی دەقی پیرۆزی موسلمانان جەستەی ژن پیسە و پیاوهەڵخەڵەتێنە و پیاوان لە رێگە ڵادەدا کە وایە ئەو جەستەیە دەبێ دابپۆشرێت و نەبێنرێت مەگەر کاتی ئەوەی کە پیاو پێویستیی جنسیی بە جەستەی ژن هەبێت واتە ژن هیچ مافێکی بەسەر جەستەی خۆیدا نییە و ئەوە پیاوە کە بۆی دیاری دەکات کەی دایپۆشێ و کەی رووتی کاتەوە.
لێرەدا پرسیارێک دێتە گۆرێ ئەگەر جەستەی ژن دانەپۆشرێت دەبێ چ بکرێت؟
هەتا ئێستا سزایەکی زەمینی بۆ ژنێک کە جەستەی داناپۆشێ دیاری نەکراوە و تەنانەت لە کۆماری ئیسلامیشدا کاتێ کە دەبینن ژنان جەستەیان بەو شێوە ئاپارتایدەی کە ئیسلام باوەری پێیەتی داناپۆشێ سزایەکی زەمینی ڕوونیان بۆ دیاری نەکردووە و تەنیا بە هیندێ نەسیحەت کردن و ترساندنی ژنەکە لێی خۆش دەبن بەڵام لەسەر بابەتی خۆداپۆشین سزا بۆ دنیای تر دیاری کراوە. واتە ژنەکە تاوانبار نییە گونەهبارە.
ئێمە لە بابەتی تیزاب پژاندن بەسەر ژناندا لە کوردستاندا لەگەڵ سێ بابەت بەرەووروین:
 ١: ئایینێک کە قانونی تایبەت بە خۆی بۆ جەستەی ژن دادەنێ و بە پێی ئەو قانونە دەبێ لەشی ژن داپۆشراوبێت ئەو ئایینە ئایینی باڵادەستی نێو کۆمەڵگایە و داب و نەریت هەموو لە ژێرکارتێکەریی ئەو ئایینەدان  بەڵام ئەو ئایینە سزایەکی زەمینیی بۆ خۆدانەپۆشینی ژنان دیاری نەکردووە یان بۆی دیاری نەکراوە ئەو قانونە لەسەر بناغەی جیهانبینییەک داندراوە کە جەستەی ژن بە نەگریس دادەنێت.
 ٢: کۆمەڵگایەک کە دابی خۆی لەبیرچۆتەوە و لە ئێستادا یەکێ لە بناغەکانی داب و نەریتی حەڵال و حەرامی نێو ئایینی ئیسلامە و لەگەڵ ئەوەش ئەو کۆمەڵگایە  بە هۆی ئەوەی کە دەسەڵاتی ئایینی بەسەریدا زاڵە روانگەی ئایین لەسەر جەستەی ژن چۆتە هەموو کەلیکن و قوژبنێکیەوە و  بابەتی حیجاب وەکوو دابێکی باوی کۆمەڵگای لێهاتووە، بۆ وێنە کاتێ خۆشکەکەی من بە تیزاب بریندار کرا لە رووداو لە منیان دەپرسی ئایا "حجاب"ی هەبوو؟ وەکوو ئەوەی کە ئەگەر حجابی نەبووبێ شیاوی ئەوە هەیە کە  تیزابی  پێدابکەن کە واتە ئێمە لەگەڵ  کۆمەلگایەدا بەرەوروین  کە لەودا دەبێ جەستەی ژن داپۆشراو بێت ئەو داپۆشراوەی لەلایان ئایینەوە بەسەر کۆمەڵگادا داسەپاوە.
ئەو بابەتەدا گرینگییەکەی لەوەدایە کە دەکرێت لە رێگای رەوایی حیجاب لە نێوکۆمەڵگادا کەسی تاوانبار و قوربانی بگۆردرێت و قوربانی ببێتە کەسێکی تاوانبار و تاوانبار ببێتە قارەمانێکی پارێزەری داب و نەریتی ئایینی و کۆمەڵایەتی یان لانیکەمی قوربانییەکە بە هاودەستی تاوانبار یان رێخۆشکەری تاوانبار داندرێ. لێرەدا بابەتەکە ئەوەیە کە کەسێک کە لە حیجابی ئاپارتایدی لادەدا وەکوو گونەهبار سەیری دەکرێت کە وایە کەسی گونەهبار خۆی رێخۆشکەرە بۆ خولقانی تاوان بە دیوێکی تردا کۆمەڵگا بەزەیی بەو ژنەدادێت کە جەستەی بە تیزاب سووتاوە بەڵام لەگەڵ ئەوەش ئەو ژنە وەکوو بەشێک لە تاوانەکە دانێت و هیچ هەوڵی بۆ نادات کە بەر بە دووبارە بوونەوەی بگرێت ئەو روانگەیە لێرەدا گرینگە کە قێزەونی تاوانەکە کەم دەکاتەوە و ئەگەری دووپاتبونەوەشی زیاد دەکات.
 ٣: تاوانێکی رێکخراو بەو واتاییە کە پێش تاوانەکە تاوانبار خۆی بۆ ساز دەکا و کەس یان کەسانێک وەکوو قوربانی دیاری دەکات و دواتر تاوانبارەکە مەترسیدارترین شێوەی بۆ قوربانی کردنی قوربانییەکەی هەڵدەبژێت. رێکخراو بوونی تاوانەکە لەو ڕووەوە گرینگە کە تاوانەکە لە دژکردەوەیەکی کۆمەلایەتی دەگۆرێ هەتا ئاستی  قەیرانێکی کۆمەڵایەتی دەبات.
ئایینی ئیسلام هەم  وەکوو ئاینی دەسەڵات لە ئێران و هەم وەکوو ئاینی کۆمەڵگای ئێران بە هۆی بە نەگریس  و پیس زانینینی جەستەی ژن و لە رووی ئەوە کە بەردەوام لە مینبەرەکانەوە مەترسیی لە نێوچوونی ئایینی ئیسلام لەلایان ئایینییەوە دێتەگۆرێ و لە رووی ئەوەی کە لە ئێستادا بەناوی ئەو ئایینەوە لە رۆژهەڵاتی‌نێوەراستدا توندوتیژی بڵاودەکرێتەوە و لایەنی ئیسلامی تەنانەت هەوڵ بۆ جێخستن و باوکردنی توندوتیژی دەدات کەوایە ئایینی ئیسلام  لە بابەتی تیزاب پێداکردنی ژندا بەرپرسی یەکەمە  تەنانەت ئەگەر لە رێکخستنی ئۆرگانێکی تاوانەکەشدا دەستی راستەخۆی نەبووبێت.


هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر