۱۳۹۴ مرداد ۳۰, جمعه

قوربانییەکانی سیاسەت و قانون


لە ماوەی ڕابردوودا ڕاگەیاندنەکانی جیهان لە مانشێتی یەکەمیاندا  بابەتی هرووژمی خەڵکی رۆژهەڵاتی‌نێوەراست  و باکوور ئافریکا بۆ ئەرووپا، باس دەکەن و بە گشتی هەواڵ یان ڕاپۆرتێک کە   لەسەر پەنابەران ئامادە دەکرێت سێ بنەمای هەیە:
 ١: رێگەی گەیشتن بۆ ئەرووپا ئاستەم و پڕمەترسییە
 ٢: پەنابەران لەگەڵ خۆیان کێشەی کۆمەڵایەتی، تەندروستی، فەرهەنگی  و ئابووری دێنن
 ٣: پەنابەران کۆمەلێک کەسی قانونبەزێنن.


لە ئەوە ڕاپۆراتانەی کە لە ڕاگەیاندنەکاندا بڵاودەبێتەوە تەنیا بە کورتی باسی ئەوە دەکرێت کە پەنابەران لە ترسی شەر هەڵاتوون لێرەدا پرسیاری سەرەکی ئەوەیە  ئایا بەراستی ئەو پەنابەرانەی کە هرووژمیان بردووە بۆ ئەرووپا کەسانێکی قانونبەزێنن؟!
بۆ ئەو پرسیارە دەبێ پرسیارێکیتر بکەین؛ ئەوانەی کە ئێستا رێگەی ئەرووپایان گرتۆتە بەر ئایا دەیانتوانی لە وڵاتی خۆیان بژین؟
ڕاستییەکەی ئەوەیە کە ئێستا لە سوریە، نێوەراستی عێراق و باکووری ئافریکا شەرێکی قورسی نێوخۆی لە ئارادایە و ئەوەش وای کردووە کە کەسانێکی زۆر لەو خەڵکە وڵاتی خۆیان جێبێلن و ئەوان لە شەقاوی یەکەمدا چوونە وڵاتانی دراوسێی خۆیان و لەوێ لە چەندین کەمپدا نیشتەجێ بوون و بەو هیوای کە لە داهاتوویەکی نزیکدا ئەو شەرە کۆتایی پێبێت و خەڵک بگەرێنەوە وڵاتەکەی خۆیان بەڵام ململانەی نێوان رۆژئاوا و رۆژهەڵات و شەری بەرژەوەندی وڵاتانی زلهێز و وڵاتانی ناوچەی وای کرد کە لە شەرەکانی رۆژهەڵاتی‌نێوەراست و باکووری ئافریکادا هیچ لایەنێک براوەی شەر نەبێت و ئەو شەرە پتر لە ٤ ساڵ بخایەنێت و هەتا ئێستا درێژەی هەبێت لەگەڵ ئەوەش مافیا جیاوازەکان کەمپەکانیان وەکوو ناوەندێکی نوێ بۆ چالاکییەکانی خۆیان هەڵنا و چالاکییەکانی خۆیان لەوکەمپانە دەست پێکرد.
لەو قۆناغەدا ئاوارەکان لەگەڵ دوو دیاردە بەرەووروو بوون:
 ١: چاوەڕوانییەکی بێ‌سنوور بۆ گەرانەوە بۆ وڵاتەکەی خۆیان.
 ٢: قوربانی بوونیان بە دەست مافیا جۆراوجۆرەکان
هیچ ناوەند و دەسەڵاتێک لەسەر ئەو خەڵکە وەجواب نەهات تەنانەت ڕاگەیاندنە دڵسۆزەکانیش کە ئێستا دەیان ڕاپۆرت لەسەر پەنابەرانی ئەرووپا بڵاودەکەنەوە باسی ئەوەیان نەکرد کە چارەنوسی ئەو خەڵکەی کە  لە ترسی شەر هەڵاتوون بەڕەوچ ئاراستەیەک چووە؟
ئەوە هەموو حەکایەتی ئاوارەکان نەبوو بەڵکوو ئەوان بۆ ڕزگار بوون لەو دۆخەی کە تێدان، دەبێ دەیان هەزار دۆلار بدەن هەتا لێی رزگاریان بن واتە جارێکیتر دەبێ و دەبوو ئەوان ببنەوە قوربانی و پەزمەندەی ژیان و هیوای داهاتوویان بدەن  هەتا بگەنە ئەو قۆناغەی کە ئێستا ڕاگەیاندنەکان باسی لەسەر دەکەن واتە قۆناغی گەیشتن بە سنووری ئەرووپا
لێرەدا بەر لەوەی باسی ئەوە بکەین کە ئایا گەیشتن بە سنوورەکانی ئەروپا خەونەکانی ئەوان دێنێتە یان رزگاریان دەکا؟
دەبێ ئەو پرسیارە باس بکەین کە ئایا ڕەوایە کەسانێک بۆ ڕزگاربوون لە چاوەڕوانی بێ‌هیوا و بێ‌سنوور  و نەجات بوونیان لە دەست مافیا جۆراوجۆرەکان هەوڵ بدەن؟
ئەوەی کە ئێمە دەیبینن کە کەسانێک خۆیان دەدەنە دەست قەدەر و دەست مافیای قاچاغی ئینسان بۆ ئەوە نییە بگەنە خەونەکانی خۆیان و داهاتوویەکی گەشیان هەبێت؛ تەنیا بۆ ئەوەیە کە لەدەست قوربانی بوونێکیتر ڕزگاریان بێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەی کە ڕزگاریان نایەت بەڵکوو جارێکیتر دەبنەوە قوربانی و جارێکیتر دەکەونەوە نێو بازنەی چاوەرێی بێ‌سنوور و دەکەونەوە نێو بازنەی مافیاکان، بەڵام ئەو جارە وەکوو ئاوارە و کەسێکی قوربانی شەر پێناسە ناکرێن بەڵکوو وەکوو کەسێکی قانونبەزێن و توندوتیژ خولقێن سەیریان دەکرێت.

 چارەنوسی ئاوارەکانی شەر تراژیکترین چارەنووسە ئەوان سیزیفێکن کە لەو بازنەیەک لە توندوتیژی  ڕزگاریان دێت بەڵام لە بازنەیەکیتر خۆیان دەبینەوە و تەنیا جۆری قوربانی بونیان دەگۆردرێت بەڵام لە کۆتاییدا ئەوان هەر قوربانی دەبن یان گوللـەی وێلەکی دەیان گوژێت، یان دەکەونە داوی مافیا یا لە چاوەڕوانی بۆ گەڕانەوەی نیشتیمانیان سەر دەنێنەوە بەڵام هەموو ئەو کەسانەی کە سەیری ئاوارەکان دەکەن  ئەوان بە کەسانی سووک و قانونبەزێن لە قەڵەم دەدن. 

هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر