لە چەند رۆژی ڕابردوو چەند
وڵاتی رۆژهەڵاتینێوەڕاست و باکووری ئەفریقا پەیوەندییەکانی خۆیان لەگەڵ کۆماری
ئیسلامی پچراند یان هەڵپەسارد؛ نزیکترین هاوشێوەی ئەو چەشنە هەڵسووکەوتە لە مێژووی
دیپلۆماسی ئێراندا، هەڵپەساردنی پەیوەندی
نێوان یەکێتیی ئەوروپا و کۆماری ئیسلامیی ئێرانە، ئەو هەڵپەساردنە لە 11ی ئاوریلی
1997 بوو کە رۆژێک پاش بریاری دادگای میکونوس روویدا، وڵاتانی ئەندامی یەکێتیی
ئەوروپا بالوێزەکانی خۆیان لە تاران بانگهێشت کردەوە و بۆ ماوەیەک پەیوەندیی
دیپلۆماسییان لەگەڵ ئێران هەڵپەسارد.
پرسیار ئەوەیە، ئایا
وێکچوونێک لە نێوان هەڵپەساردنی پەیوەندی یەکێتیی ئەوروپا و پچراندن و هەڵپەساردنی
پەیوەندی وڵاتانی رۆژهەڵاتینێوەراست و باکووری ئەفریقا هەیە؟
بۆ وڵامی ئەو پرسیارە با
بگەرینەوە سەرەتایی 2011 و سەردەمی دەستپێکی "بەهاری عەرەبی"، عەلی
خامنەی، رێبەری کۆماری ئیسلامی، بەهاری
عەرەبی بە "راسانی ئیسلامی" پێناسە کرد و بە درێژکراوەی شۆرشی ئیسلامیی
ئێرانی دانا؛ ئەوەش لە راستییدا شوناسێکی ئامانجدار بۆ ئەو رووداوانە بوو،
مەبەستیش لەو شوناسە ئەوە بوو رێگەخۆش بکرێت بۆ ئامانجە ناوچەیەکەی کۆماری ئیسلامی
واتە "هەناردە کردنی شۆرشی ئیسلامی".
لە 4 ساڵی ڕابردوودا بە
ڕاشکاوی دەبینن کە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی باس لەسەر هەبوونی ئەندامانی سوپای
قودس و سوپای پاسداران لە وڵاتانی عێراق،
سووریا، یەمەن، لیبی و لوبنان دەکەن و
لەگەڵ ئەوە هەر لەو چوار ساڵەدا لە وڵاتانی ئەمەریکا سوودان، نیجیریە، سنگاڵ،
بەحرین، کینیا، هێند و تایلند ئەندامی سوپای قودس و شانەی نوستوی ئەو سوپایە گیراون
یان تێرۆریان ئەنجام داوە.
کۆماری ئیسلامیی ئێران،
خۆی وەک براگەورەی مسوڵمانانی باوەرمەندانی شیعە دادەنێت و ئێران ئەو براگەورەییەش
دەکاتە بیانوو بۆ ئەوەی زەخت بخاتە سەر
ئەو وڵاتانەی کە مسوڵمانی باوەرمەندی
شیعەیان تێدا دەژیت.
لە پەنا ئەوە کۆماری ئیسلامی لە ئاستی وڵاتانی
ئیسلامییدا، سیاسەتێک پەیرەو دەکات کە خۆیان ناویان ناوە " هەناردە کردنی
شۆرشی ئیسلامی" و لە ئێستادا، لە
سووریا و عێراق ناوی بۆتە "پارێزگاری لە مەرقەدە پیرۆزەکان".
ئەوان لە رێگای ئەو سیاسەتەوە هاووڵاتییانی وڵاتانی
ئیسلامی لە دژی حکوومەتی وڵاتانی ئیسلامی
هاندەدن دیارە ئەو سیاسەتە هەموو وڵاتێکی ئیسلامی ناگرێتەوە بەڵکوو ئیران ئەو
سیاسەتە تەنیا لە دژی وڵاتانی تایبەت کە لەگەڵ حکوومەتەکەیان لە ناکۆیی دایە،
بەرێوەی دەبات.
ئێران هەر لە درێژەی
سیاسەتی هەناردەکردنی شۆرشی ئیسلامی پشتی هێندێ حکوومەت وەک سووریا و عێراق دەگرێت؛
لە عێراق "شوواری حەشدی شەعبی" ساز کردووە و ئەو شوورایە لە ٤٢ هێزی چەکداری شیعە پێکهاتووە و ئەو چەکدارانە
چ لە رووی ناو و چ لە رووی نێوەرۆکەوە هاوشانی "بەسیجی سوپای پاسدارانی کۆماری
ئیسلامییە" و سوپای قودس هەروەها هێزی سەربازی بۆ پشتگیری لە ئەسەد لە سووریا
رەوانە کردووە و لە رووی سیاسییەوە پشتگیری سووریا و حکوومەتی ئەسەد دەکات.
هاوکات
لەگەڵ ئەوە ئەندامانی پلە باڵای کۆماری ئیسلامی نکۆڵی لەوە ناکەن کە بە
دەستتێوەردان لە نێوخۆی سووریا و عێراق
توانیویانە شەر لە نێوخۆی ئێران بەرنەدەرێ و سنوورەکانی ئێران بپارێزن. و تەنانەت
باس لەوەش دەکەن کە ئەوان بە بوونیان لە سووریا ، خەونی گەیشتن بە رۆژهەڵاتی
دەریای ناوەراستییان بۆ ئێران هێناوەتە دی، خەونێک کە پێی دەگوترێ ئاواتی حکوومەتی
هەخامنشی بووە.
ئەگەر سیاسەتی "هەناردە
کردنی شۆرشی ئیسلامی" و پێناسەکردنی "بەهاری عەرەبی" بە "ڕاسانی
ئیسلامی" و هەبوونی راستەخۆی ئەندامانی سوپای قودس لە وڵاتانی عەرەبی و
هەبوونی "شانەی نوستووی سوپای قودس" بە مەبەستی هاندانی هاوولاتییانی عەرەب و
ئیسلامی لە دژی حکوومەتی خۆیان لە پەنا ئامانجی "هیلالی شیعە" داندرێت
بە تەواوی بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە کۆماری ئیسلامی لە ئاستی ناوچەکەدا بە دوایی
ئەوەیە هێژمۆنی خۆی داسەپینێت و جێگە بە دەسەڵاتداری ئێستای وڵاتانی عەرەبی و
ئیسلامی چ لە ناوخۆی وڵاتەکەیان و چ لە ئاستی ناوچەکەدا، لێژ بکات و دزە بکاتە ئەو
وڵاتانەوە و تەنانەت دەسەڵاتی دڵخوازی خۆی
بێنێتە سەر حوکم.
هاوکات لەگەڵ ئەوە ئێران هەتا ئێستا، سێ جار
ماشێنی تێرۆرەکەی، راستەخۆ رووی لە سعودیە بووە، ساڵی 1990 ویستویەتی بالوێزی سعودیە
لە سوید تێرۆر بکات، لە ژووئەنی 1996 دەستوپەیوەندییەکانی ئێران لە شاری خوبر لە
وڵاتی سعودیە، هێرشی تێرۆریستیان کردە سەر بنکەی سەربازی ئەمەریکا لەو شارە و 12
سەربازی ئەمەریکایان کوشت، لە سپتامبری 2011 ئێران ویستی عادل جوبەیر بالوێزی ئەو
کاتی سعودیە لە ئەمەریکا تێرۆر بکات، جوبەیر ئێستا وەزیری دەرەوەی سعودیە یە.
لە راستییدا پچراندنی
پەیوەندی دیپلۆماتیک لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و بانگهێشتنەوەی بالوێزەکانی وڵاتانی
ئیسلامی و عەرەبی لە تاران دژکردەیەکە لە بەرانبەر "سیاسەتی هەناردە کردنی
شۆرش" و چالاکی و شانە نوستوەکانی سوپای قودس لە وڵاتانی ئیسلامییە ئەوان بۆ
دژایەتی کردنی "ئامانجی هیلالی شیعە" پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئێران
پچراندەوە دیارە ئەو کردەوانەی ئێران بەگشتی دەچێتە چوارچێوەی "تێرۆریزمی
دەوڵەتییەوە.
لە بریاری دادگای میکونوسدا کۆماری ئیسلامی بە "تێرۆریزمی دەوڵەتی" مەحکووم کرا لە دادگاکەدا
روون بۆوە کە بەرپرسانی پلەباڵای کۆماری ئیسلامی واتە رێبەری ئێستا و سەرۆک کۆمار و وەزیری دەرەوەی ئەو کاتی ئێران، دەستیان لە تێرۆری میکونوسدا
هەبووە و هەڵپەساردنی پەیوەندییە دیپلۆماتییکەکانی یەکێتیی ئەورووپا و ئێران
دژکردەوەیەک بوو، لە بەرانبەر تێرۆریزمی دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی دا.
ئەگەر ئێستا بگەرینەوە بۆ
پرسیاری سەرەتای بابەتەکە دەبێت بلێن هەڵپەساردن پەیوەندییە رامیارییەکانی یەکێتیی
ئەوروپا لە گەڵ کۆماری ئیسلامی لە پاش بریاری دادگای میکونوس لە 1997دا و پچراندن
و هەڵپەساردنی پەیوەندییە دیپلۆماتیکەکانی وڵاتانی ئیسلامی لەگەڵ ئێران لە 2016 دا
هەردووکیان دژکردەیەک بوون لە بەرانبەر "تێرۆریزمی دەوڵەتی" کۆماری
ئیسلامیدا؛ پاش دادگای میکونوس تێرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامی گەرانەوە بۆ ئێران و
ماشێنی تێرۆریان لە ناوخاکی یەکێتیی ئەوروپا راگرت و ئەو جارە بە سڵەوە لەگەڵ یەکێتیی ئەوروپا
دەجوڵانەوە و بەڵام ئایا ئەو دژکردەوەیەی وڵاتانی ئیسلامی دەبێتە هۆی ئەوەی
تێرۆریستانی کۆماری ئیسلامی لەسەر "دەرپێکەی خۆیان دانیشنەوە" یان نا؟
با ئەو پرسیارە پرسیاری بابەتێکیتر بێت.
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر