بۆ رێکخراوەیەکی شۆرشگێر
١٠ ساڵ هەڵپەساردنی چالاکی زۆریشە، هەتا
قەیران لە نێویدا بخوڵقێت؛ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پاش ئەوەی خەباتی
چەکداری هەڵپەسارد، کە کۆڵەکەی خەباتی ئەو حیزبە بوو، چووە قۆناغی "داڵانی
تێرۆر"وە ، لەو قوناغەدا هیچ ئەندامێکی ئەو حیزبە بە تۆڵەی ڕابردوویەک کە
هەیبوو لە هیچ قوژبنێکی ئەو دنیایە بەتایبەتی لە کوردستانی گەرمێن و لە نێو
بارەگاکانی حیزبی دێموکراتدا گیانی پارێزراو نەبوو، لەو قۆناغەدا کێشەیەکی قوڵ ساز
دەبێت، بەردەوام ئەندام و لاینگری ئەو حیزبە دەدرێنە بەر گوللـەی و تێرۆری کۆماری
ئیسلامی و لە بەرانبەردا لە پێناوی
پاراستنی بەرژەوەندییەکانی کوردستانی گەرمێن چەکی حیزبەکە بێدەنگ بووە ئەوە وا
دەکات ئەندامی ئەو حیزبە ، هەم هەست بە خۆ
بەکەم زانین بکات هەم جۆرێک دەستەوستانی و ترس لە دەروونییدا سەرهەڵدات، لەگەڵ نائەمن بوونی بارەگاکان، هەڵپەساردنی خەباتی
چەکداری وا دەکات خەباتی تەواو وەخت کە
تاکتیکی چاوەڕوانی گرتبوو بەر، بێزارکەر بێت و تاکی حیزبی بە نییەتی دوور بوونەوە
لەو بێزارییە سەری خۆی هەڵگرێ و لە بارەگاکانی حیزب بچێتە دەرێ، جا ئەو سەفەرە بۆ
هێندێک هەتا سولیمانی و هەولێر و بۆ
کەسانێک هەتا بنی دنیا بوو.
پاش ئەوەی حیزبی دێموکرات خەباتی چەکداری
هەڵدەپەسێرێ لە دۆخی گشتیی ئێراندا تاکتیکی خەباتی چەکداری بە ئامانجی کارتێکەری
لەسەر دەسەڵات ڕوو لە لاوازی دەدات و لە لایان دەسەڵات و لێهاتووەکانی فارس و
دەسەڵاتەوە، هەوڵیکی سەرکەتوو دێتە ئاراوە کە تاکتیکی خەباتی چەکداری کە تاکتیکێکی
باوی نێو دۆخی سیاسی ئێرانی ئەو کات بوو بۆ کارتێکەی لەسەر دەسەڵات جێگەی خۆی بدات
بە تاکتیکێک کە ناویاننا "خەباتی مەدەنی" ، ئامادەنەبوونی حیزبی
دێموکرات بۆ ئەوە ئالوگۆرە چاوەڕوان نەکراوە لە دۆخی گشتی خەباتدا و ناکاریگەربوونی لەسەر کۆماری ئیسلامی وایکرد
ئالۆزییەکی زۆر بێتە نێو حیزبی دێموکراتەوە و جۆرێک سەرلێشێواوی لە جۆری خەباتدا
لە نێوریزەکانی حیزبی دێموکراتدا ساز بوو.
ئەو بەشەی کە لە نێوخۆوە پەیوەستی ئەوە
حیزبە دەبوون زۆر ناشارەزایانە لە بەرانبەر نائەمنی بارگاکان و سەرهەڵگرتنی
بێهیوای ئەندامان، دەرمانی خەباتی مەدەنییان
بۆ حیزێک دەنوسی کە نەتەنیا بنەماکانی لەسەر خەباتی چەکداری دامەزرابوو بەڵکوو ئەو
جۆرە لە خەبات تەنیا جۆرێک خول خواردنەوە بەدەوری خۆدابوو و هیچ چەشنە چونەپێشێیەکی
تێدانەبوو.
ئەوە دۆخە ئەگەر تێکەڵ بە ئالۆگۆرە ئالۆزە و
خێراکانی رۆژهەڵاتینێوەراست لە پاش ١١
سێپتامبری ٢٠٠١ بکرێت، هێندەیتر پرسەکە ئالۆز دەکات لەو نێوانەدا نەناسینی جەوهەری
خەبات و نامۆی لەگەل کۆمەڵگای کوردستانی رۆژهەڵات و نەناسینی کۆماری ئیسلامی تاکی حیزبی توشی هێندێ لێکدانەوەی
بە ڕواڵەت ڕاست بەڵام بێبنەما کرد، ئەو
لێکدانەوانە بۆ حیزبێکی شۆرشگێر کە بناغەی رێکخستنەکانی لەسەر بنەمای "
تەکوزی ئاسنین" دانەمەزراوە و جۆرێک دێمۆکراسی نێوحیزبی و ئازادی تاک لە
رێکخستنەکانییدا هەیە، وەکوو ژەهر وابوو ئەو لێکدانەوە بە ڕواڵەت ڕاستانە وای کرد لە نێو حیزبی دێموکراتدا دیاردەیەکی سیاسی بناغەی داندرێت کە دەکرێت پێی
بگوترێ سیاسەتی "ئێمە و ئێوە".
ئەو زاراوەیە دواتر بە یارمەتی هێندێ وردە
جیاوازی نێو کۆمەڵگای کوردستان وەکوو زاراوە و جوگرافیا تەواو خۆی گرتوو، بوو بە واقعێکی نێو ریزەکانی حیزبی دێموکرات و لە
ملمانێی نێوان "ئێمە و ئێوە"دا ئاستەکە وا بەرین بۆوە کە سیاسەتی نێوحیزبی دێموکرات لەسەر بناغەی "ئێمەی شۆرشگێر و دڵسۆز" لە بەرانبەر "ئێوەی
رێگر لە خەبات" دامەزرا و هەر ئەوەش وای کرد
لە نێو ریزەکانی ئەو حیزبەدا جیابوونەوەیەک
رووبدات ئەو "ئێمە و ئێوە"یە بوون بە دوو باڵ و دواتر لە هەوڵدابوون هەر کامەی خۆی وەکوو "ئێمەی شۆرشگێر"
پێناسە بکات و "ئێوەی رێگر لە خەبات" بداتە پاڵ بەرانبەرەکەی، ئەوەش
بنەمای سیاسەتەکانی دوو لایەنی حیزبی دێموکرات بوو لە ماوەی ٩ ساڵی ڕابردوودا؛
زۆربەی چالاکییەکان لەسەر ئەو بناغەیە کران و هێندێ جار ئەوەندەی وڵامی "ئێمە"
بۆ "ئێوە" پێویست و بەجێ بوو، هێندە گوێنەدەدرا بە وڵام بۆ کۆماری
ئیسلامی و دەیان نموونەمان هەیە کە "ئێمە" تەنیا بۆ ئەوەی وڵامی "ئێوە"ی
دابێتەوە یان تەنیا بۆ ئەوەی بلێ لەگەڵ "ئێوە" جوداوازیمان هەیە تاکتیکێکی گرتۆتە بەر و هیچ بۆی گرینگ نەبووە
ئەو تاکتیکە چەندە لەگەڵ بنەماکانی حیزب و فەلسەفەی گوتارەی کورد و کۆمەلگای
کوردستان یەکدەگرێتەوە.
لە ماوەی ٩ ساڵی ڕابردوودا
دەرکەوت کە "ئێمەی شۆرشگێر" ناتوانێ ئاواتەکانی کوردستانی رۆژهەڵات و
حیزبی دێموکرات بێنێتە تەنانەت کاتێ لە باری
تەشکیلاتیشەوە ئەو "ئێمە"یە لە ئێوە هەڵبرا، کە واتە سیاسەتی "ئێمە
و ئێوە" کە ماوەی پتر لە ١٢ ساڵ حیزبی دێموکراتی بەخۆیە ماندوو کرد سیاسەتێکی
هەڵە و شکست خواردوو، چون ئەو "ئێمە"یە لەو ماوەیەدا نەیتوانییەوە هیچ
ئامانجێکی خۆی بێنێتە دی لەگەڵ ئەوەش بەردەوام هێزی خۆی ماندوو کردووە لە بەرانبەر
" ئێوە"دا. کە هیچ قازانجێکی لێنەکەوتۆتەوە.
ئەگەر ئێستا بناغەی
دانیشتنی حدکا و حدک لەسەر دانوستان لە نێوان "ئێمە و ئێوە" دابێت؛
بێگومان یەکگرتنەوەی پاش ئەو دانوستانەش جیابوونەوەیەکی بەدوادادێت، بەڵام ئەگەر دانوستان لەسەر قەبولکردنی شکستی سیاسەتی "ئێمە و ئێوە" بێت،
هیچ گومانی تێدانییە دەکرێت لە ماوەیەکی کورتدا حیزبی دێموکرات یەکبگرێتەوە،
یەکگرتنەوەش بە واتای چارەسەری یان دارشتنی "نەخشەرێگا"ی خەبات بۆ
کوردستانی رۆژهەڵات نییە بەڵکوو ئەو یەكگرتنەوەیە تەنیا قۆناغی دەستپێکە بۆ سەرلەنوێ
نوسینەوە "نەخشە رێگای خەبات" بۆ کوردستانی رۆژهەڵات، کە وایە یەکگرتنەوەیەک،
دڵخۆشکەرە کە لەسەر بناغەی "ئێمە و ئیوە" دانەمەزرابێت، چون ئەو سیاسەتە
شکستی خواردووە و لەگەڵ ئەوەش یەكگرتنەوەیەک
چارەسەری پرسی حیزب و کوردستانی رۆژهەڵات دەکات کە وەک قۆناغی یەکەم و گرینگ بۆ دیاری کردنی "نەخشەڕێگای
خەبات" بۆ کوردستانی رۆژهەڵات سەیر بکرێت.
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر